عەلی خامەنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی هیچ هێزێكی بەوەكالەتی نییەو بۆ هەر چالاكییەكیش لە ناوچەكە، پێویستی بەو جۆرە هێزانە نییە. دەشڵێت، پێشبینی دەكەم لە سوریا گروپێك سەرهەڵبدات كە "بەهێزو ئیرادە"وە روبەڕوی ئەو كەسانە ببنەوە كە "ناسەقامگیری"یان لەو وڵاتە دروست كردوە.
ئاوێنە: ئەو قسانەی عەلی خامەنەیی، ئەمڕۆ یەكشەممە، لەمیانی دیدارێكیدا هاتن لەگەڵ كۆمەڵێك لە سرودبێژانی ئایینی شیعە.
خامەنەیی جەختی كردەوە كە ئێران هیچ هێزێكی بەوەكالەتی نییەو بۆ هەر چالاكییەكیش لەناوچەكە پێویستی بە هێزی بەوەكالەت نییە و وتیشی، شەڕ و خەباتی یەمەن، حزبوڵا، حەماس و جیهاد لەسەر بنەمای "ئیمان و باوەڕە."
رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران پێی وایە هیچ یەكێك لە ئامانجەكانی ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی حەماس و حزبوڵا بەدەست نەهاتون و وتیشی"میللەتانی شكۆداری ناوچەكە بە پشتیوانی خوا ئەو رژێمە نالەبارە لە ریشە دەردەهێنن و سبەینێیەكی باشتر بۆ ناوچەكە بەدی دەهێنن."
خامەنەیی لەبارەی روداوەكانی سوریاوە وتی، "گروپێكی ئاژاوەچی بە هاوكاری و پیلان و بەرنامەی وڵاتانی بیانی توانیان سود لە لاوازییە ناوخۆییەكانی سوریا وەربگرن و وڵاتەكە بخنە نێو پشیوی و ئاژاوەوە."
خامەنەیی بە ئاماژەدان بە قسەی بەرپرسێكی ئەمریكی كە وەك خۆی وتی، ناوەڕۆكەكەی هاوكاریكردنی هەر كەسێك كە لە ئێران "پشێوی دروست بكات"، جەختی كردەوە كە "میللەتی ئێران هەر كەسێك كە ببێتە بەكرێگیراوی ئەمریكا، لەژێر پێیدا دەپلیشێنێتەوە."
خامەنەیی وتیشی، پێشبینی دەكەم گروپێكی "بەهێز و شكۆدار" لە سوریا دروست ببێت و روبەڕوی ئەو كەسانە ببێتەوە كە بونەتە مایەی "ناسەقامگیری و پشێو"ی لە سوریاو بەسەریاندا سەربكەوێت.