هەسەدە رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی نێوان هێزەكانیان و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا، توانیویانە 12 ئەندامی داعش لە شاری رەققە دەستگیربكەن.
ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، رێكخراوی داعش ئەو ناسەقامگیرییەی قۆستۆتەوە كە لەدوای كەوتنی رژێمەكەی بەشدار ئەسەد دروست بوەو دەستی بەسەر چەند كۆگایەكی چەكی بەجێماوی سوپای سوریادا گرتوە لە هەندێك ناوچەو توانیویەتی دەست بەسەر هەندێك لە ناوچەكانی بیابانی سوریاو چەند ناوچەیەكی دیكە لەوانە دەوروبەری شاری رەققەدا بگرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە وەڵامی ئەو هەوڵانەی داعش بۆ دروستكردنی پێشوی لە ناوچەكانمان، شەوی رابردودا هێزەكانمان بە پشتیوانی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنێكیان لە ناو شاری رەققە ئەنجامداو توانیان 12 ئەندامی داعش دەستگیربكەن.
جەختیشی كردۆتەوە كە هێزەكانیان بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازییەكان لەدژی رێكخراوی داعش و وتوشیەتی، سەركەوتنی یەكجارەكەی بەسەر داعشدا پێویستی بە هاوكاری چڕی نێودەوڵەتی هەیە.