ماتۆڕ، ئامڕازی هاتوچۆی سەرەکی گەنجانی کەمدەرامەت
  2024-12-21       292       
بەهۆی گرانی بەنزینەوە گەنجان رویان كردوەتە كڕین‌و بەكارهێنانی ماتۆڕ

ئا: محەمەد هاوژین

 

رۆژ بەڕۆژ بەکارهێنانی ماتۆڕ لەلایەن گەنجانی کوردستانەوە روو لەزیادبوونە، ئێستا ماتۆڕ سەرەکیترین ئامڕازی هاتوچۆی هەرزان بەهایە بۆ ئیشوكاری رۆژانەی ئەو گەنجانەی کەمدەرامەتن‌و زیاتر لەگەڕەکە هەژارو میللییەکانی ناوشارو قەراغ شاردا نیشەجێن، گەنجێک دەڵێت "هەفتەی بایی چوار هەزار دینار بەنزین دەكەمە ماتۆڕەکەم، بەشی هاتوچۆی هەشت رۆژم دەكات".

 

میرشاد، كوڕێكی‌ ئه‌سمه‌ری‌ باڵابه‌رزی‌ باریكه‌ڵه‌ی ته‌مه‌ن ٣٠ ساڵه‌‌و تا پۆلی‌ سێیه‌می‌ ناوه‌ندیی‌ خوێندوه‌و ئێستا لەناو بازاڕ ئیش دەکات، وەک خۆی دەڵێت یەکێک لەئارەزووە هەرە پەسەندکراوەکانی ژیانی "لێخوڕینی ماتۆڕە"، میرشاد وتی "هەفتەی بڕی ٥ بۆ ٦ هەزار دینار بەنزین دەكەمە ماتۆڕەكەمەوە‌و هاتوچۆی بازاڕو ئیشی رۆژانەی ماڵەوەشمانی پێدەكەم، شەوانیش کوێم بوێ بۆی دەچم".

میرشاد باس لەوە دەكات كە ماتۆڕ هەواداری زۆرە بەتایبەتی لەناو گەڕەکە میللییەکاندا، بەهۆی هەرزانی‌و ئاسانی بەكارهێنان‌و گرانی نرخی بەنزینەوە، ئەو وتی "ماتۆڕ وەك ئوتومبێل نییە بەهۆی قەرەباڵغی رێگەو بانەوە شوفێر پەكی بكەوێ‌، بەڵكو هەمیشە دەرفەتی جێكردنەوەو رۆشتنی بۆ دەڕەخسێ‌‌و ئەمەش وادەكات ماتۆڕسواران زیاتر كاتیان بۆ بگەڕێتەوە لەهاتوچۆ كردندا".

 

ئەم رۆژانە زۆربەی شەقام‌و كۆڵان‌و شوێنە گشتییەكانی شاری سلێمانی پڕ بوون لەفڕەو فڕی ماتۆڕ، هەندێکجار هەر ماتۆڕەو دوو یان سێ کەسی بەسەرەوەیە، یاخود چەند ماتۆڕێک پێکەوە پێشبڕکێیانەو تەنانەت هەندێکجار كچانیش دەبینرێت ماتۆڕ لێدەخوڕن یاخود ژن‌و منداڵ لەگەڵ ماتۆڕسوارێكدا بەسەر ماتۆڕەوەن‌.

 

حەسەن کە لەحانوتی یەکێک لەقوتابخانەکانی سلێمانیدا کار دەکات، پێیوایە ئێستا ماتۆر هەر بۆ کاری دیلیڤەری بەکارنایەت، بەڵکو ئامڕازێكی هاتوچۆی هەرزان بەهایە بۆ ئیشوكاری رۆژانەی بەشێکی بەرچاو لەهاوڵاتیان بەگشتی‌و گەنجان بەتایبەتی، پاش ئەوەی نرخی بەنزین بەرزبۆوە، ئەو وتی "ماتۆڕێكی بچوکم بە ٤٥٠ هەزار دینار كڕیوە بۆ خۆم حەساومەتەوە".

حەسەن باس لەوە دەکات کە زۆربوونی ژمارەی ماتۆڕسوار نیشانەی جیاوازی چینایەتی‌و نادادپەروەری کۆمەڵایەتییە، ئەو وتی "ئێمەش حەزمان دەکرد ئۆتۆمبێلی کەشخەو گرانبەهامان هەبوایە، بەڵام نەتوانای كڕینی ئوتومبێلم هەیەو نەتوانای كرێدانی تەكسیشم هەیە رۆژانە، ئەم ماتۆڕە هەم بۆ چوونە سەر ئیشەکەم‌و هەمو بۆ ئیشی رۆژانەی ماڵەوەش بەكاریدەهێنم، هەفتەی بایی چوار هەزار دینار بەنزینی تێدەكەم، بەشی هاتوچۆی هەشت رۆژم دەكات".

 

ئێستا لەکوردستان دەیان پەیج ریكلام بۆ كڕین‌و فرۆشتنی ماتۆڕ دەكەن، تەنانەت ماتۆڕسوارانی هەر شار‌و شارۆچكەیەك هەژمارێكی تایبەت بەخۆیان هەیە لەسۆشیال میدیادا، ئەوانەیشی كڕین‌و فرۆش بەماتۆڕەوە دەكەن هۆكاری پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە جگە لەگرانبوونی بەنزین، دەگەڕێننەوە بۆ "زۆربونی دانیشتوان‌و فراوانبونی شارو كەم دەرامەتیی هاوڵاتیان".

 

حاجی سەركەوت، كە ٤٥ ساڵە كاری ماتۆڕفرۆشی دەكات‌و دوكانی فرۆشتنی كەرەسەی ماتۆڕ‌و چاككردنی ماتۆڕی هەیە، ئاماژە بەوە دەكات خەڵكێكی زۆر كڕین‌و فرۆش بەماتۆڕی دەستی دوەوە دەكەن، ئەو وتی "لەساڵی ١٩٧٩ەوە خەریكی ئیشی ماتۆڕم، ئەوەندەی سەرنجم داوە ساڵ بەسأل ئەم بازرگانییە گەورەتر دەبێت، لەبەرئەوەی تا دێ ژمارەی دانیشتوان زیاتر‌و شاریش گەورەتر‌و بەنزینیش گرانتر دەبێ".

حاجی سەركەوت جەختیش لەوە دەكات كە زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی ماتۆڕ بەكاردەهێنن كۆمەڵێك گەنجی کەمدەرامەتن، ئەو وتی "ماتۆڕ بەپێی ماركەو خەسڵەتیان نرخیان جیاوازە، لای ئێمە زیاتر ئەو ماتۆڕانە دەفرۆشرێ‌ كە نرخیان ٢٠٠ هەزار دینار تا ٦٠٠ هەزار دینارە".

 

خاوەنی كۆمپانیایەكی تایبەت بەكڕین‌و فرۆشتنی ماتۆڕیش ئاماژە بەوە دەكات كە ساڵ بەساڵیش فرۆشتن‌و بەكارهێنانی ماتۆڕ زیاتر دەبێت‌.

 

نەوزادی عەبدوڵا رەباتی، خاوەنی كۆمپانیای شاتووی نوێ‌ بۆ فرۆشتنی هەموو جۆرە ماتۆڕسكیل‌و ماتۆڕی سێ‌ تایی‌و ماتۆڕی دوو تایی‌و چوار تایی‌و فرۆشتنی هەموو پارچەیەكی یەدەكی ماتۆڕسكیل، بەئاوێنەی وت "بەهۆی گرانی بەنزینەوە گەنجان رویان كردوەتە كڕین‌و بەكارهێنانی ماتۆڕ، لەبەرئەوەی مەسرەفی كەمترە، گەنجان دەتوانن‌ بیكڕن‌، لەكاتێكدا ئوتومبێل پارەی زۆری ئەوێ‌‌و مەسرەفیشی زۆرە‌و نرخی بەنزینیش گرانە".

وتیشی "هەرچەندە ساڵ بەساڵ نرخی ماتۆڕیش بەرزتر دەبێتەوە بەڵام ئەم بازرگانییە هەر گەورەترو زیاتر دەبێت".

خاوەنی ئەم كۆمپانیایە ئاماژە بەوەش دەكات كە ئەو ماتۆڕانەی لەبازاڕی هەرێمی كوردستاندا هەن زۆربەی هەرە زۆریان لەچین‌و ئێرانەوە دێن، هاوكات ماتۆڕی ژاپۆنی بالەش دێت كە هی دەستی دوون، ماتۆڕی هندیش دێت بەڵام نرخەکەی گرانترەو فرۆشی کەمە، ئەو وتی "ماتۆڕ لە٢٠٠ دۆلارەوە هەیە تا دەفتەرێک دۆلارو زیاتر کە لەبەگدا کڕیاری زۆرە، بەڵام ماتۆڕی گرانبەها لێرە كڕیاریان نییە، چونكە ئەو کەسانەی روو دەكەنە ماتۆڕ زۆربەیان ئەو گەنجانەن كە داهات‌و دەرامەتیان سنوردارە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×