سودانی: حكومەت توانی مەترسییەكان لەسەر عێراق دوربخاتەوە
  2024-12-22       230       

محەمەد شیاع سودانی، رایگەیاند، حكومەتەكەی توانیویەتی مەترسییەكان لەسەر عێراق دوربخاتەوە بەتایبەتی لەگەڵ ئەو ئاڵەنگارییە ئەمنیانەی كە لە ناوچەكەو سوریا هاتنە ئارا.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ یەكشەممە، محەمەد شیاع سودانی لە موسڵ لەگەڵ فەرماندە ئەمنی و سەربازییەكانی پارێزگای نەینەوادا كۆبوەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی کردەوە لەسەر پێویستی پاراستنی ئەو دەستکەوتە ئەمنیانەی کە لە سایەی قوربانیدانی گەورەی عێراقییەکان بەدەستهاتون و توشیەتی، نابێت نەرمی لەگەڵ هیچ روداوێكدا بنوێنن كە دێتە پێش، ئەوەش لە پێناو بەردەوامیدان بەو سەقامگیرییەی کە حکومەت لەگەڵیدا دەستی بە پڕۆژەی گەشەپێدان و خزمەتگوزاری کردوە.

سودانی جەختیشی کردۆتەوە لەسەر گرنگی پشتبەستن بە لێهاتویی لە سەرکردایەتیكردندا و ڕێگەنەدان بە ناپیشەیی بون لە دابەشکردنی بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکاندا، هەروەها گرنگیدان بە کارمەندەکان و ئامادەییان.

سەرۆك وەزیران وتوشیەتی، حكومەت توانیویەتی مەترسییەکان لەسەر عێراق دوربخاتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو ئاڵەنگارییە ئەمنیانەی کە ناوچەکە بەخۆیەوە بینین، لەوانەش ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە سوریا ڕویاندا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×