سودانی: دەستوەردان و بونی توركیا لەنێو خاكی سوریا قبوڵكراو نییە
  2024-12-19       536       

سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەر لە كەوتنی رژێمەكەی بەشار ئەسەد، سێ جار هەوڵیان داوە بۆ كۆكردنەوەی سوریاو توركیا لەسەر یەك مێز، بەڵام هەوڵەكان شكستیان هێناوە. دەشڵێت، دەستوەردان و بونی توركیا لە سوریا قبوڵكراو نییە. رەتیشیدەكاتەوە عێراق لەبارەی هیچ پرسێكەوە هەڕەشەی پێگەیشتبێت و دەشڵێت، هیچ مەرجێك بونی نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی.

ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای رەسمی عێراق كە ئەمشەو پێنجشەممە، بڵاوكرایەوە لەبارەی كەوتنی رژێمەكەی بەشار ئەسەد وتی، روداوەكانی سوریا بەراورد بەو دۆخەی سوریای تێدابو، "لەناكاو" نەبون.

سودانی وتیشی، لەكاتی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیام راگەیاند كە گرنگە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ سوریا ئاسایی بكەنەوە، ئەو هاوڕام بو.

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕو، داوام لە بەشار ئەسەد كرد كۆبونەوەیەك لە بەغدا لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و توركیا و سوریا گرێ بدرێت، ئەسەد رەزامەندییەكی مەبدەئی نیشاندا بەڵام مەرجی هەبون.

سودانی وتیشی، سێ جاری تر هەوڵم لەگەڵ ئەسەد دا بۆ كۆبونەوەی هەر سێ لایەنی عێراقی و توركی و سوری لە بەغدا لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە، ئەو رەزامەندبو.

ئاماژەی بەوەشدا، توركیا مەرجی گەڕانەوەی ئاوارەو پەنابەرانی سوری هەبو لە وڵاتەكەی لەگەڵ "روبەڕوبونەوەی تیرۆر" و لایەنی سوریاش پێیان وتین، ئەوان رازین بە مەرجی توركیا بۆ گەڕانەوەی ئاوارە سورییەكان بەڵام دەبێت روبەڕوبونەوەی "تیرۆر" گشتگیر بێت و "دژی پەكەكەو گروپە چەكدارەكانی دیكە بێت." سودانی وتی، ئەمە خاڵی ناكۆكی نێوان توركیاو سوریا بو.

سەرۆك وەزیرانی عێراق وتیشی، دوای سێ هەوڵی ئێمە لەگەڵ ئەسەد، دانیشتنی توركیاو سوریا لەسەر یەك مێز شكستی هێنا.

سودانی لەبارەی دۆخی دوای كەوتنی رژێمەكەی ئەسەد لە سوریا، جەختی كردەوە كە عێراق دەیەوێت بڕیارەكە بۆ گەلی سوریا بەجێبهێڵێت لە دیاریكردنی بژاردەكانیدا. وتیشی، هەڵوێستی عێراق رون بوە كە دەستوەردان ناكات لە كاروباری سوریا.

ئەوەشی خستەڕو، نیگەرانن لە پێشهاتەكانی دۆخی سوریا لەبەر بونی رێكخراوی چەكداری و چەكدارانی داعش.

ئاماژەی بەوەشدا، چاودێری جموجۆڵەكانی داعش دەكەین و دەستمان كردوە بە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ ئوردن و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

سەرۆك وەزیرانی عێراق وتیشی، پەرۆشین بۆ یەكێتی و یەكپارچەیی خاكی سوریاو رێزگرتن لە ئیرادەی گەلی سوریا.

وتیشی، ئامادەین پشتیوانی لە پڕۆسەیەكی سیاسی گشتگیر بكەین لە سوریا بەبێ دەستوەردان و ناشمانەوێت ئەوانی دیكە دەستوەردان لە كاروباری سوریادا بكەن.

ئاماژەی بەوەشدا، لە كۆبونەوەی عەقەبە، وەرەقەیەكمان پێشكەش كرد كە پرەنسیپە سەرەكییەكان بۆ سەقامگیری لە سوریاو سەرڕێكخستنەوەی پڕۆسەی سیاسی لەو وڵاتە لەخۆدەگرێت.

سودانی ئەوەشی خستەڕو، هیوادارین ئیدارەی نوێی سوریا، نیگەرانییەكانی ولاتانی عەرەبی و ناوچەكە بڕەوێنێتەوەو گەرەنتی ئەرێنی بدات.

سەرۆك وەزیرانی عێراق وتیشی، دۆخی سوریا هاوشێوەی دۆخی عێراقە لە ساڵی 2023، ئەوە وا دەكات ئامۆژگاری بدەین بۆ ئەوەی نەكەونە هەمان ئەو هەڵانەی كە ئێمە تێیان كەوتین.

وتیشی، نێردەی دیپلۆماسی ئێمە لە دیمەشق دەستی بە ئەركەكانی كردۆتەوە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سودانی وتی، عێراق هیچ هەڕەشەیەكی لەبارەی هیچ پرسێكەوە پێ نەگەیشتوەو ئێستا لە قۆناغە متمانە پێبوندایەو لەڕوی نێودەوڵەتی و ناوچەكەوە وڵاتێكی قبوڵكراوە. وتیشی، سەرجەم ئەو پەیامانەی لە سەردان و پەیوەندییەكاندا پێمان گەیشتون جەخت دەكەنەوە لەسەر پابەندیی وڵاتان بە ئاسایش و سەقامگیری عێراقەوە.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق داوای تەبایی سیاسی زیاتری كردوە لە عێراق و قبوڵكراو نییە هیچ كەسێك مەرج بۆ عێراق دابنێت و هیچ مەرجێكیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی نییە.

وتیشی، سنورمان لە باشترین دۆخدایە...دەوڵەت خاوەنی بڕیاری ئاشتی و شەڕە، رێگە بەهیچ لایەنێك نادەین عێراق لە شەڕەوە بگلێنێت.

بەقسەی سودانی، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پابەندە بە پشتیوانیكردنی عێراق لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر.

هەروەك لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی، پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا بەردەوامن بەهۆی بونی بەرژەوەندیی هاوبەش و دۆسیەی سوریاش گرنگترین دۆسیەی نێو پەیوەندییەكانمانە، چونكە ئاسایشی سوریا كاریگەری لەسەر ئاسایشی عێراق و توركیا هەیە.

بەقسەی سودانی توركیا پشتیوانی لە ئیدارەی ئێستا لە سوریا دەكات و ئەوەش بەرپرسیارێتی ئەوەی دەخاتە ئەستۆ كە ئەو ئیدارەیە بەرەو ئاڕاستەیەكی دروست بڕوات، هەروەك بەرپرسیارێتی ئەوەشی دەخاتە ئەستۆ كە دەستوەردان لە كاروباری سوریادا نەكات.

جەختیشی كردەوە كە دەستوەردانی توركیا لە كاروباری سوریاو بونی لەسەر خاكی ئەو وڵاتە، قبوڵكراو نییە.

هەروەها لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەیدا سودانی وتی، هیچ پەیوەندییەكی تەلەفۆنیمان لە ئەبو محەمەد جۆلانی، فەرماندەی دەستەی تەحریری شامەوە پێ نەگەیشتوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×