سودانی: لێدان لە فرە پێكهاتەیی و فرە ئایینی لە سوریا كاریگەری لەسەر عێراق دەبێت
  2024-12-19       259       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزان و نێردە دیپلۆماسییەكانی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا، جەخت دەكاتەوە كە پێویستە لە سوریا رێز لە فرە پێكهاتەیی و ئایینی و كۆمەڵایەتی بگیرێت و دەشڵێت، لێدان لە فرە پێكهاتەیی و فرە ئایینی لە سوریا، كاریگەری لەسەر ناوچەكەو بەتایبەت لەسەر عێراق دەبێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ پێنجشەممە،  محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەگەڵ باڵیۆز و سەرۆكی نێردە دیپلۆماسییە عەرەبییەكان كە لە بەغدا كاردەكەن، كۆبوەوە بۆ خستەڕوی هەڵوێستی عێراق لەبارەی روداو و پێشهاتەكانی ناوچەكە.

سودانی لە كۆبونەوەكەدا جەختی كردەوە كە ئەو وەرچەرخانە مەترسیدارانەی كە لەدوای 7ی تشرینی یەكەمی 2023ەوە ناوچەكە پێیاندا تێدەپەڕێت، لێكەوتەی بێ پێشینەیان دروست كردوە.

ئەوەشی خستەڕو، عێراق لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرانی عەرەب و دۆست لەبارەی دۆخی سوریاوە لەسەر هێڵەو وەرەقەیەكی كاركردنی پێشكەشكردوە كە سەرنج دەخاتە سەر رێزگرتن لە ئیرادەو بژاردە ئازادەكانی گەلی سوریا لەپاڵ بەرگریكردن لە مافی كەمینەكان و بەرگریكردن لە فرە پێكهاتەیی و ئایینی و كۆمەڵایەتی لە سوریا. وتیشی، گرنگە وڵاتانی عەرەبی كاربكەن بۆ پشتیوانیكردنی سەروەریی خاكی سوریا.

ئاماژەی ئەوەشدا كە ترس و نیگەرانی هەیە بەرامبەر بە دوبارەبونەوەی ئەوەی كە لەسەر دەستی تیرۆر لەدژی كەمینەكان و پێكهاتەكان كرا، ئەوەش لەگەڵ دەركەوتنەوەی چەكدارانی داعش لە سوریا. جەختیشی كرەوە كە لێدان لە فرە پێكهاتەیی و ئایینی لە سوریا، كاریگەری لەسەر ناوچەكە دەبێت بەتایبەت لەسەر عێراق، ئەوەش بەهۆی بونی شوێنە پیرۆزەكان و ئەگەری كردنە ئامانجیان بۆ دروستكردنی پشێوی.

سودانی لەكۆتایی قسەكانیدا جەختی لە ئامادەیی هێزە عێراقییەكان و تواناو باڵادەستیی ئەمنی و هەواڵگریی عێراق كردەوەو وتیشی، پاشماوەكانی داعش چیتر هەڕەشە نین بۆ سەر خاكی عێراق و ماوەی دو ساڵیشە بەپێی پلانێك پاراستنی سنور لەگەڵ سوریا پتەوكراوەو ئەوەش پاڵپشت بوە بە هەڵوێستێكی نیشتمانی بەرفراوان لە پشتیوانیكردنی حكومەت و رێڕەوە سیاسییەكەی.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×