سكرتێژی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان و وەزیری دەرەوەی عێراق دۆخی سوریا تاوتوێ دەكەن
  2024-12-18       179       

ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان و فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پێشهاتەكانی ناوچەكەو بەتایبەت دۆخی سوریایان تاوتوێ كرد.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان ئاماژەی بەوەداوە، نەتەوە یەكگرتوەكان لەڕێگەی نوێنەری تایبەتی خۆیەوە لە سوریا، بەشێوەیەكی بەردەوام چاودێری دۆخی ئەو وڵاتەو كێشەكان دەكات.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان نیگەرانی خۆی دەربڕی لەبارەی گرژییەكانی نێوان گروپە چەكدارەكان و شەڕڤانانی هەسەدە لە سوریاو هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لەگەڵ توركیاو قەتەر لەسەر خەتن بۆ تاتوێكردنی هێوركردنەوەی بارودۆخەكە.

لای خۆیشییەوە فواد حسێن هێمای بۆ ئەوە كردوە كە دۆخی سوریا ئاڵۆزە چونكە گروپی چەكداری جیاجیا دەستیان بەسەر ناوچەی جیاجیای وڵاتەكەدا گرتوە.

وەزیری دەرەوەی عێراق وتوشیەتی، لەسوریا داعش دەستیكردوە بە رێكخستنەوەی ریزەكانی خۆی و دەیەوێت ئەو پشێوییەی لە ئەنجامی كەوتنی سوپای توركیاو كشانەوەی هەسەدە بۆ بەری رۆژهەڵاتی روباری فوڕات بقۆزێتەوە.

فواد حسێن جەختی لە گرنگی پاراستنی ئەو زیندانانە كردۆتەوە كە سەدان چەكدارو فەرماندەی داعش لەخۆدەگرن و وتوشیەتی، پێویستە چارەسەرێكی بەپەلە بۆ كەمپی هۆل بدۆزرێتەوە كە چەندین خێزانی رێكخراوی داعش و ئەندامانی رێكخراوەكە لەخۆدەگرێت.

هەروەك وەزیری دەرەوەی عێراق جەختیشی لە پێویستی پاراستنی كەمینەكان و پێكهاتەكانی سوریا كردۆتەوە لەگەڵ گەرەنتیكردنی بەشدارییان لە پڕۆسەی سیاسی و ناچار نەكردنیان بە كۆچكردن و هەروەها چەسپاندنی مافەكانیان لەچوارچێوەی حكومەتێكدا كە نوێنەرایەتی سەرجەم لایەنەكان بكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×