وەزارەتی دارایی عێراق رەتیدەكاتەوە كە ئەوان بەمەبەست موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیان نەدابێت و راشیدەگەیەنێت، موچەی مانگەكانی 10 و 11ی موچەخۆرانی هەرێمیان خەرجكردون و دەشڵێت، بەهۆی بونی كێشە لە میزانی موڕاجەعە لای حكومەتی هەرێم، خەرجكردنی موچە دواكەوتوە.
ئاوێنە: وەزارەتی دارایی عێراق، كەمێك لەمەوبەر لە رونكردنەوەیەكدا ئەو هەواڵانەی رەتكردونەتەوە كە باس لەوە دەكەن وەزارەتەكەیان بەمەبەست موچەی چوار مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج نەكردوە.
وەزارەتی دارایی عێراق جەختی كردۆتەوە كە ئەوان پابەندن بە جێبەجێكردنی پابەندییە داراییەكانیان بەگوێرەی یاساو رێكارەكان و هیچ كەمتەرخەمییەك لەوبارەیەوە ناكەن.
وتوشیەتی، موچەی هەردو مانگی 10 و 11ی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خەرجكراون و پارەی پێویستیش بۆ ئەو مەبەستە نێردراوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان.
ئەوەشی خستۆتەڕو، پارەداركردن بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرانی حكومەت فیدراڵ دەبێت بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی كە جەخت دەكاتەوە لەسەر پابەندبون بە خەرجكردنی موچە لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند نەبوە بەو میكانیزمانەی كە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ پارەداركردن پشتیان پێ دەبەستێت بەهۆی بونی كێشە لە میزانەكانی موڕاجەعە لای حكومەتی هەرێم و ئەوەش بۆتە هۆی دواكەوتنی خەرجكردنی موچە.
وەزارەتی دارایی عێراق جەختیشی كردۆتەوە كە وەزارەتەكەیان پابەندە بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە كاتی خۆیدا و بەپێی چوارچێوەی یاساییە پشت پێبەستراوەكان.