محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە كۆبونەوەو جەختیان لە گرنگی رێككەوتن لەسەر هەماهەنگی هاوبەش لەبارەی لێكەوتەكانی دۆخی سوریا كردەوە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسنیگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران لە سعودیە، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە كۆوەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لەكۆبونەوەكەدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و گرنگی ڕێککەوتن لەسەر هەماهەنگی هاوبەش لەبارەی لێكەوتەكانی دۆخی سوریا کرا، لەگەڵ چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگەكانی ناوچەكە و جیهان بەشێوەیەک کە ببنە مایەی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، جەختی لەسەر پەرۆشی عێراق کردەوە، بۆ یەکپارچەیی خاکی سوریا و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتەو ڕێزگرتن لە ئیرادەی ئازادی سورییەكان و گەرەنتیكردنی بەشداریی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی سوریا لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
سودانی ئامادەیی عێراقی نیشاندا بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ برایان و دۆستان لە ناوچەکە، لەپێناو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و دورخستنەوەی ناوچەکە لەمەترسی شەڕ و پێکدادان.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا، باس لە بارودۆخی کارەستباری غەززە و بەردەوامی دەستدرێژییەکانی قەوارەی زایۆنی بۆ سەر فەڵەستینییەکان کرا، هەروەها تاوتوێی گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و دوهێندەکردنی هەوڵە فریاگوزارییەکان بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی غەززە كراو جەختیش کرایەوە لەسەر پتەوکردنی ئاگربەست لە لوبنان و هەوڵدان بۆ پابەندبون بەو ڕێکەوتنانەی کە هەن.