ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ ئاوێنە: گەر ھێرشەکانی تورکیا نەوەستێنرێن، کارەسات دەقەومێت 
  2024-12-17       651       
شاندی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەپەرلەمانی ئەوروپائا: ئەگەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا نەپارێزرێ، سوریاش وەک لیبیای لێدێت

عەبدولکەریم عومەر سەرۆکی شاندی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا نەپارێزرێ، سوریاش وەک لیبیای لێدێت، ئەو دەڵێت "گەر ھێرشەکانی تورکیا نەوەستێنرێن، کارەسات دەقەومێت".

 

ئاوێنە: شاندێک کە نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکورو رۆژھەڵاتی سوریاشی تێدایە، لەگەڵ پەرلەمانتارانی پەرلەمانی ئەوروپاو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا کۆبوونەوە، شاندەکە بەسەرۆکایەتی نوێنەری ئەوروپای ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکورو رۆژھەڵاتی سوریا "عەبدولکەریم عومەر"و بە بەشداری ھاوسەرۆکی ھەدەپە جاھید کرکازاک‌و نوێنەری دەم پارتی لەئەوروپا، ئەیوب دۆروو نوێنەری دەم پارتی لەکۆنسەی ئەوروپا فایەق یاگزای-یە.

عەبدولکەریم عومەر. سەرۆکی شاندی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوورو رۆژھەڵاتی سوریا بەئاوێنەی ڕاگەیاند "لەکۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی ئەوروپا، جەغت دەکەین لەسەر ئەوەی ئەگەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا نەپارێزرێت، مەترسی ئەوە لەئارادایە سوریاش وەک لیبیای لێبێت، ئەگەر حکومەتی ئیتیقالی سوریا گروپە ئینتیکی‌و باوەڕە جیاوازەکانی وەک کوردو دورزی تێدا نەبێت، سوریا پەلکێش دەکات بەرەو ئیسلامی ڕادیکاڵ".

عومەر تیشکی خستەسەر مەترسی چەتەکانی داعش‌و ھێرشە داگیرییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر ڕۆژئاوا، ئەو وتی "دەبێت ڕێگری لەو ھێرشانە بکرێت. پێویستە دەستبەجێ ئاگربەست لەسوریا پێکبێت، ئەگەر ھێرشەکانی تورکیا نەوەستێنرێن کارەسات دەقەومێت،. تەسفیەکردنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک لەڕۆژئاوا، مافەکانی ژنان‌و مافی مرۆڤ‌و مافی کەمینە جیاوازەکان ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبێتەوە".

عەبدولکەریم ئاماژەی بەوە کرد تا ئێستا لەڕۆژئاوا لەسەر بنەمای خۆپاراستن ڕووبەڕووی ھێرشەکان بوونەتەوە، ئەو وتی "بەتایبەت ئێستە کۆبانێ لەژێر مەترسیدایە. پێویستە وڵاتانی ئەوروپا لەچارەسەری ئەم قەیرانەدا ڕۆڵ بگێڕن و بەپەلە ھێرشەکان ڕابگرن".

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×