هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، تورکیا و گرووپە چەکدارەکان پلان بۆ هێرشکردنە سەر کۆبانێ دادەنێن و چەکی قورسیان پێیە.
ئاوێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە لێدوانێکی نوێدا ئاماژە بەوە دەدەن کە تورکیا هێزێکی زۆری خۆی و گروپەکانی کۆکردووەتەوە و چەکی قورسیان پێیە.
هەسەدە ئاشکراشیکرد "بڕیارمانداوە تا کۆتایی دژی هێرشەکانی تورکیا بوەستینەوە، چونکە تورکیا پلانی هەیە هەموو خاکی سوریا داگیر بکات".
وتیشی "تا دوا هەناسە رووبەڕووی هەر هێرشێک دەبینەوە، هەروەک چۆن داعشمان تێکشکاند، بەکرێگیراوانی تورکیاش شکست پێدەهێنین. هێزەکانمان وانەیەکی مێژوویی لە بەرخۆدان فێری ئەردۆغان دەکەن ".
هێزەکانی سوریای دیموکرات داوا لە گەنجانی کورد و عەرەب دەکەین بۆ گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری، بچنە پاڵ هێزەکانمان. پێویستە جیهان و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تەنیشت کۆبانی و هێزەکانیان بوەستێت.
وتەکانی هەسەدە لەکاتێکدایە، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، سوپای تورکیا لەگەڵ گرووپە میلیشیاکانی سوریا بە درێژایی سنوری سوریا هێزەکانیان ئامادە کردووە، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ پەلاماردانی ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
بەرپرسە ئەمەریکییەکان ئاماژەیان بەوەشداوە، ژمارەیەکی زۆری چەکدار و کۆماندۆ بە جلی فەرمیی سوپای تورکیاوە لەسەر سنور و نزیک شاری کۆبانێ جێگیر بوونە." یەکێک لە بەرپرسە ئەمەریکییەکان وتویەتی "بەگوێرەی ئەو ئامادەکاری و کۆکردنەوەی هێز بێت، ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە ناوچە سنورییەکان نزیک بووەتەوە".