دو سیناتۆری ئەمریکا: به‌رامبه‌ر هێرشكردنه‌سه‌ر كورد "بێده‌نگ نابین
  2024-12-18       218       


دو سیناتۆری ئەمریکا، پاڵشتی بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دەربڕێن و ئەو هێزە بە هاوبەشی ئەمریكا دەزانن لە شەڕی دژ بە داعش، هەروەها هۆشداری بە توركیا دەدەن لە ئەگەری هێرش بۆ سەر ڕۆژئاڤای كوردستان و دەڵێن، "ئەو كارە ئەنجامبدات، ئەوا سزای بەسەردا دەسەپێنین".

ئاوێنه‌: هەریەكە لە سیناتۆر کریس ڤان هۆڵین، لە دیموکراتەکان و لیندسی گراهام لە کۆمارییەکانی ئەمریكا دوای پەیوەندیەكی تەلەفونی لەگەڵ مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویانكردەوە، "ئاگربەستی 2019ی نێوان تورکیا و کوردانی سوریا ژیانی خەڵکی ڕزگار کرد، سەقامگیریی بۆ ناوچەكە گەڕاندوە و دڵنیایدا بە هێزەكانی سوریای دیموكرات كە بتوانن لە شەڕی دژ بە داعش درێژە بە هەوڵەکانی بدات".

ئاماژەی بەوەشكرد، "ئێستا و لە دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد، هێزەکانی سەر بە تورکیا هێرشەکانیان بۆ سەر هاوبەشە کوردەكانمان لە سوریا پەرەپێداوە و جارێکی دیکە هەڕەشە لە ئەرکە گرنگەکەیان دەكەن، كە ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەکەن".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی ئەو دو سیناتۆرە، "ئاگربەستی کاتی نێوان سوپای نیشتمانی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن لەگەڵ هەسەدە كە هەفتەی ڕابردو ئەنجامدرا ئێستا بەسەرچوە، تورکیاش ڕەتیکردەوە ئاگربەستەکە درێژبکاتەوە، لەنێویدا بژاردەیەك بۆ دروستكردنی ناوچەیەکی داماڵراو لە چەك بەدرێژایی سنورەکان و بەتایبەتی لە شاری کۆبانی، لەكاتێكدا نیگەرانیە ئەمنیەكانی توركیا دەتواندرێت چارەسەر بكرێت".

ئەوەشی خستەڕو، "ئەم پێشهاتانە ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدەن و ئەمریکاش ناتوانێت بێدەنگبێت، لەگەڵ ژەنەراڵ مەزلوم عەبدی قسەمانکرد و جارێکى دیكە پاڵپشتى خۆمان بۆ هاوبەشە کوردەکانمان لە سوریا دوپاتکردەوە". 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "ئەمریکا دەبێت دەستبەجێ هەمو ئەو ئامرازانەی لەبەردەستیدایە بەکاریبهێنێت بۆ فشارخستنە سەر لایەنەكان بە مەبەستی ئەنجامدانی ئاگربەستێکی بەردەوام و دروستكردنی ناوچەیەکی داماڵدراو لە چەك، ئەگەر تورکیا دەستبەجێ ئەم مەرجانە قبوڵ نەکات، بەنیازین لەم هەفتەیەدا یاسای سزای دولایەنە بخەینە ڕو، هاوشێوەی ئەو پڕۆژە یاسایەی کە لە ساڵی 2019دا بە هاوبەشی پێشکەشمان کرد".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×