هەسەدە رایگەیاند، وێڕای هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ ئاگربەست، بەڵام توركیا و میلیشیاكانی سەر بەو وڵاتە، بەردەوامن لە هێرشەكانیان بۆ سەر چەند ناوچەیەكی كۆبانێ و بەنداوی تشرین و عەین عیساو لە ئێستادا شەڕێكی سەخت لە نزیك بەنداوی تشرین بەڕێوەدەچێت.
ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتوشیەتی، ئێوارەی دوێنێ ملیشیاكانی توركیا لە سێ قۆڵەوە بە پشتیوانی درۆنی توركی، هیرشیان كردۆتەوە سەر بەنداوی تشرین و شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازیی منبج بەرەنگاری هیرشەكان بونەوەو لە ئاكامدا ژمارەیەك لە چەكدارانی میلیشیاكان كوژران و برینداربون و پاشان هەڵاتن، درۆنی توركیا لەماوەی شەڕەكەدا هەشت جار ناوچەكەی بۆردومان كرد.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، شەوی رابردوش، درۆنی توركیا سێ جار ناوچەكانی پردی قەرەقۆزاغ و گوندی پیر حەسۆ-یان لە باشوری شاری كۆبانی بۆردومان كرد و هەروەها سوپای توركیا دەیان جار بە موشەك و تۆپ، بۆردومانی ئەو ناوچانەی كرد.
وتوشیەتی، هەر ئێوارەی دوێنێ، سوپای توركیا بە درۆن ئۆتۆمبێلێكی لە گوندی هۆشان لە ناوچەی عەین عیسا بۆردومان كردوەو هەروەها بە دەیان هاوەن و تۆپیش بۆردومانی گوندەكانی رۆژهەڵاتی عەین عیساو گوندەكانی رۆژئاوای گرێ سپی كردوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆش میلیشیاكان بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی توركیا، هێرشێكی بەرفراوانیان لە چەندین قۆڵەوە بۆ سەر بەنداوی تشرین دەست پێكردوەو لە ئێستادا شەڕێكی سەخت لەنێوان شەڕڤانان و میلیشیاكاندا بەڕێوەدەچێت و درۆنی توركیاش بەشێوەیەكی چڕ بە ئاسمانی ناوچەكەدا دەفڕن.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لە روبەڕوبونەوەی هێرشەكانی ئێوارەی دوێنێ شەڕڤانان لە نزیك پردی قەرەقۆزاق، درۆنێكی توركی لە جۆری بایراكداریان خستۆتە خوارەوە.
جەختیشی كردۆتەوە كە هێزەكانمان لە پێگەی بەرگریدان بۆ بەرەنگاربونەوەی سەرجەم هێرشەكان و بەرگریكردن لە تەواوی ناوچەكانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا لەپێش هەمویشیان بۆ بەرگریكردن لە كۆبانێ.
لە كۆتاییشدا هەسەدە ئاماژەی بەوەداوە كە توركیاو میلیشیاكانی هەوڵی ئەوە دەدەن ئاگربەست بقوزنەوە بۆ بەردەوامیدان بە هێرش و پیلانەكانیان و چەواشەكردنی رایگشتی و بۆیە هەوڵی داگیركردنی ناوچەكەو ئاوارەكردنی خەڵكەكەی دەدەن.