دوای ئەوەی ڕێگڕیی لە هاتنەژوورەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرا، شەڕەتەقە لەنێو باڵەخانەی ئەنجوومەن ڕوویدا.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، پاسەوانەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕێگەیان نەداوە ئیبراهیم حافز، سەرۆکی ئەنجوومەن بچێتە ژوورەوە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، دوای ئەم ڕێگرییە، دەمەقاڵێ لەنێوان پاسەوانەکانی دەرگا و پاسەوانەکانی سەرۆکی ئەنجوومەن دروست بووە و کار گەیشتووەتە ئەوەی چەکیان لە یەکتری ڕاکێشاوە.
هاوکات وەکو باسدەکرێت، ئیبراهیم حافز هەڕەشەی هێنانی حەشدی شەعبی کردووە، بەڵام لەئێستادا دۆخەکە هێورکراوەتەوە و کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دەکرێت.