ساڵح موتڵەگ، جێگری پێشوتری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵات بە ئاراستەیەکی هەڵەدا دەبرێت و دۆخی ئێستای سیاسی عێراق لە بەردەم گۆڕانکاریدایەو وڵات بەمجۆرە بەردەوام نابێت.
ئاوێنە: ساڵح موتڵەگ، جێگری پێشوی سەرۆک وەزیرانی عێراق و یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی سوننەی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"وڵات بە ئاراستەیەکی هەڵەدا دەبرێت و دوای چارەکە سەدەیەک لە ڕوخانی بەعس، گەندەڵی بە ڕێژەیەکی گەورە بڵاوەو پشکپشکێنەی حزبی کۆتایی بە تواناو لێهاتویی هێناوە، هیچ داهاتویەکی ڕون بۆ نەوەی ئێستا بەدی ناکرێت."
لە دوای ڕوخانی رژێمی ئەسەد و کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لەلایەن دەستەی هەیئەت تەحریر ئەلشام، بەشێک لە سەرکردە سوننەکانی عێراق بەیاننامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکەو دۆخی سوریا بڵاوکردەوە.
هەریەک لە مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئوسامە نجێفی و سەلیم جبوری سەرۆکانی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران، ساڵح موتڵەگ جێگری پێشوی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایانگەیاند،"عێراق بەشێکە لە ڕوداوەکانی ناوچەکەو ئاڵەنگاری و فشاری زۆری لەسەرە، هەرچەندە تیرۆر لە عێراق دا پشتیوانی لە دەستداوە، بەڵام دەبێت سەرچاوەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر بنەبڕ بکرێن."
ساڵح موتڵەگ وتی،"لە بەیاننامەکەماندا، ئامۆژگاری دەسەڵاتدارانی ئێستامان کردوە بەوەی دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوامی نابێت و دەبێت گۆڕانکاری لە خۆیاندا بکەن، پێش ئەوەی ڕوداوی گەورە ڕوبدات و خۆشیان لێی زەرەرمەند بن."
هاتنە دەنگی سەرکردەکانی عەرەبی سوننەو بڵاوکردنەوەی بەیاننامە هاوبەشەکەیان لە کاتێکدایە دۆخی عێراق ئاڵۆزە، ناوخۆی پێکهاتەی شیعەو بە دیاریکراوی پەیوەندی نێوان حکومەتی عێراق و گروپە میلیشیاکان باش نییە، ناوخۆی کورد و عەرەبی سوننەش پەرت بوە.
ساڵح موتڵەگ وتی،"ئێمە داوای گفتوگۆی نیشتمانی گشتگیر دەکەین بە بەشداری سەرجەم پێکهاتەو تایەفە جیاوازەکان، تا ئەو گرفتانە دیاری بکەین وڵات پێیانەوە دەناڵێنێت و ڕێگرن لە بەردەم پێشکەوتنی وڵات، بۆ ئەوەی هەوڵبدەین چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە."
هاتنە دەنگی سەرکردەکانی عەرەبی سوننەو ڕەخنەگرتنیان لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی عێراق لەکاتێکدایە، لایەنە شیعەکان ترسیان لە پەڕینەوەی ئاڵۆزییەکانی سوریا بۆ عێراق و خرۆشانی شەقامی سوننە هەیە لە دژیان، بۆیە هێزێکی زۆری حەشدی شەعبی و سوپایان لە سنورەکانی سوریا جێگیر کردوە.
ڕوبەری سنوری عێراق لەگەڵ سوریا زیاتر لە 600 کیلۆمەترە، هێزە عێراقییەکان بەشێکی زۆر لەو ڕوبەرە سنورییەیان بە دیواری کۆنکرێتی و تەلبەندکردن وخەندەقی پان و قوڵ و کامیرای گەرمی بینین کۆنترۆڵکردوە، بەڵام هێشتا لایەنە شیعەکان ترسیان لە دۆخی عێراق هەیە.
عەبدولرەحمان جەزائیری، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، ڕایگەیاند،"ترسێکی سیاسی ڕاستەقینە هەیە لە ڕودانی کودەتا لە عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگی و حکومەتیش هەستیان بەو مەترسیانە کردوە."
سەبارەت بە ئەگەری پەڕینەوەی ئاڵۆزییەکانی سوریا بۆ عێراق، ساڵح موتڵەگ وتی،"ڕودانی پشێوی لە عێراق بەدور دەزانم، بەڵام دۆخی ئێستای سیاسی عێراق لە بەردەم گۆڕانکاریدایەو ئەمڕۆش ڕونەدات، گۆڕانکاری دوای ماوەیەکی تر هەر ڕودەدات."
جەختیشیکردەوە،"وڵات بەمجۆرە بەردەوام نابێت، ئینتیما بون بۆ وڵاتی تر کاریگەری نەرێنی دەبێت."