بانكی ناوەندی عێراق بڵاوی كردەوە، هۆشداریی دەدەن لە بوونی كۆمپانیای ساختە بۆ بازرگانیكردنی ئەلیكترۆنی بە پشكەكان كە بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە مۆڵەتیان لەلایەن بانكی ناوەندییەوە پێدراوە، ئێمە مۆڵەت بەو جۆرە كۆمپانیایانە نادەین، كە بازرگانی بە (پشك و كانزا و دراوە دیجیتاڵیەكان دراوە كریپتۆكان)ەوە دەكەن.
ئاوێنە: بانكی ناوەندی عێراق سەبارەت بە بوونی كۆمپانیای ساختە بۆ بازرگانی بە (پشك و كانزا و دراوە دیجیتاڵییەكان دراوە كریپتۆكان) ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، هۆشداریی دەدەن لە بوونی كۆمپانیای ساختە بۆ بازرگانیكردنی ئەلیكترۆنی بە پشكەكان كە بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە مۆڵەتیان لەلایەن بانكی ناوەندییەوە پێدراوە، ئێمە مۆڵەت بەو جۆرە كۆمپانیایانە نادەین، كە بازرگانی بە (پشك و كانزا و دراوە دیجیتاڵییەكان دراوە كریپتۆكان)ەوە دەكەن، هەموو ڕێوشوێنێكی یاساییان لە دژی ئەو جۆرە كۆمپانیا ساختانە گرتووەتەبەر.
دەشڵێن: دووپاتی دەكەینەوە هەندێك لە پەیج و بڵاوكراوەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناوی ئەو كۆمپانیا ساختانەیان بڵاوكردووەتەوە، هاوكات ناوی بانكی ناوەندی عێراقی دەقۆزنەوە و بانگەشەی ئەوە دەكەن، كە ئەوان كۆمپانیای بازرگانی فەرمی عێراقین كە مۆڵەتیان پێدراوە لەلایەن بانكی ناوەندیەوە.
هەروەها ئەم كۆمپانیایانە بانگەشەی ئەوەش دەكەن گوایە لقیان لە پارێزگاكانی كەركووك و موسڵ و هەولێر و سلێمانی هەیە، بۆیە دووپاتی دەكەینەوە كە قوربانیانی دەستی ئەم كۆمپانیا ساختانە بە زووترین كات ڕێكاری یاسایی دژ بە كۆمپانیایانە بگرنەبەر و ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەنەوە لە بوونی ئەو جۆرە كارانە.
بانكی ناوەندی عێراقی داوا لە هاوڵاتیان دەكەن، پێش ئەوەی هەر گواستنەوەیەكی پارە ئەنجام بدەن، پێویستە پێداچوونەوە بە ناوی ئەو دامەزراوە داراییە نابانكییانە بكەن، كە مۆڵەتیان پێدراوە، لەڕیگەی ماڵپەڕی فەرمی بانكی ناوەندی عێراق.