وەزارەتی دەرەوەی عێراق پشتڕاستی کردەوە کە جۆلان خاکی داگیرکراوی سووریایە و سەرکۆنەی بڕیارى حکومەتى ئیسرائیل بۆ فراوانکردنى سیاسەتى نیشتەجێکردن لە جۆلانى سووریا دەکات.
ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، "وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئیدانەی بڕیاری حکومەتی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی سیاسەتی نیشتەجێکردن لە جۆلانی داگیرکراوی سووریا دەکات."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بڕیارەکە نوێنەرایەتیی پێشێلکارییەکی ئاشکرای نێودەوڵەتیی یاسا و بڕیارنامەکانی شەرعیەتی نێودەوڵەتییە."
دووپاتیشی کردووەتەوە، "هەڵوێستی عێراق پتەوە و پشتیوانیی هەموو مافەکانی کۆماری عەرەبی سووریا و گەڕانەوەی سەروەری بۆ تەواوی خاکە داگیرکراوەکەی دەکات."
جەختیش دەکاتەوە لەوەی، "جۆلان خاکی داگیرکراوی سووریایە، هەروەها هەر ڕێوشوێنێک بە ئامانجی گۆڕینی باری یاسایی و دیمۆگرافییەکەی بێت، بە نایاسایی و ناشەرعی دادەنرێت."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد، هەڵوێستێکی جددی بۆ ئیدانەکردنی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل وەربگرن، لە پێناو پاراستنی سەروەری یەکێتیی خاکی سووریا و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی له ناوچەکەدا.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2024، حکومەتی ئیسرائیل پلانی بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی بۆ فراوانکردنی شوێنی نیشتەجێبوون لە بەرزاییەکانی جۆلان پەسەند کرد.