نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی بڵاویکردووەتەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئیمانوێل ماکرۆن لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و بەتایبەت سوریایان تاوتوێکرد.
ئاوێنە: نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و سودانی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و بەتایبەت سوریایان تاوتوێکردووە.
سودانی راگەیەندراوی نوسینگەکەیدا جەختی لەوەش کردووەتەوە لە گرنگی یەکخستنی هەموو هەوڵەکان بۆ یارمەتیدانی سوریاییەکان بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان و ئاوەدانکردنەوەی دەوڵەتەکەیان و دەستوەردان نەکردن لە کاروباری ناوخۆیان.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێویستی دامەزراندنی قۆناغێکی ڕاگوزەر لەڕێگەی پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیرەوە کردووە، کە مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا و جەخت لەسەر یەکپارچەیی و یەکێتی خاکی سوریا دەکاتەوە، کە گرنگە بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، سەرۆکی فەرەنسا پابەندبوونی وڵاتەکەی بە ئاسایش و سەقامگیری عێراق و وەستانەوە لە تەنیشتی وڵاتەکەی لەبەرامبەر ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان بەتایبەت لە شەڕی دژی تیرۆر دووپاتکردەوە، جەختی لەسەر ڕۆڵی سەرەکی عێراق لە ناوچەکە کردەوە.
هاوکات، باس لە پێشهاتەکانی ناوچەکە بەتایبەتی سەبارەت بە بارودۆخی سەختی مرۆیی غەززە و پێویستی دوو هێندەکردنی هەوڵەکان بۆ وەستاندنی ئازارەکانی فەلەستینییەکان، جگە لە دڵنیابوون لە بەردەوامیی ئاگربەست لە لوبنان کرایەوە.