پارێزگاری حەسەكە هاتۆتە عێراق
  2024-12-12       375       
لوئەی سەیوح، پارێزگاری حەسەكە لە حكومەتەكەی بەشار ئەسەد

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پارێزگاری حەسەکە، بەڕێوەبەری ئاسایش و بەرپرسی حیزبی بەعس لە حەسەکە لە رێگەی رەبیعەوە هاتونەتە نێو عێراق.

ئاوێنە: نایف شەممەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند،"رۆژی سێشەممە 10-12-2024، پارێزگاری حەسەکە، بەڕێوەبەری ئاسایشی حەسەکە و بەرپرسی حیزبی بەعس لە حەسەکە لە رێگەی دەروازەی سنوریی رەبیعەوە هاتونەتە نێو عێراق".

 ناحیەی رەبیعە، دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا. نەینەوا نزیکەی 350 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە.

 نایف شەممەری، نوێنەری پارێزگای نەینەوایە لەپەرلەمانی عێراق وتی: "خۆم خەڵکی ناوچەکەم، لەم زانیارییە دڵنیام".

 بەڵام لەوبارەیەوە محەمەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە روداوی وت"هیچ زانیارییەکمان لەوبارەوە نییە." وتیشی: "هیچ کەسێک بەبێ ئاگاداری حکومەتی عێراق ناتوانێت لە سوریاوە بێتە نێو عێراق و لەنێویاندا سنوری پارێزگای نەینەوا".

ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، رۆژی شەممە 7ی كانونی یەكەم، نزیکەی 2000 سەربازی سوپای سوریا پەنایان بۆ سنورەکانی عێراق هێناوە و بە رەزامەندیی ئێمە لە سنورەکان هاتونەتە نێو خاکی عێراق.

 بەقسەی نایف شەممەری، لە ئەنبار خێوەت و شوێن  بۆ سەربازانی سوریی دانراوە، پێویستییەکانیان بۆ دابینکراوە. هەندێک لە هۆزەکانی ئەنبار پێشوازیان لێکردون و پیتاک و پێویستیان بۆ دابین کردون.

 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×