باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ڕایگەیاند، ئێران پشتیوانی لە عێراق دەکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەكی تیرۆریستی كە هەڕەشە لە خاكی عێراق بكات.
ئاوێنە: محەمەد كازم ئەلسادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق لەبارەی پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ عێراق بەم شێوەیە زانیاری بڵاوکردەوە.
محەمەد كازم ئەلسادق ڕایگەیاند، عێراق هەموو جۆرە هێزێكی ئەمنی و سەربازی هەیە كە توانای شەڕكردنی هەیە لەگەڵ مەترسیدارترین ڕێكخراوە چەكدارەكان و تیرۆریستییەكاندا.
وتیشی، بە بوونی هێزەكانی سووپا و حەشدی شەعبی و دەزگای دژەتیرۆر هیچ مەترسییەك لەسەرعێراق نییە.
باسی لەوەشکردووە، هیچ نیگەرانیەك لە عێراق نییە، چونكە هێزێكی گەورەی سەربازی هەیە.
ئاماژەی بەوەکردووە، ئێران ڕێگە نادات گرووپە چەكدارەكان هێرشبكەنە سەر عێراق و تاران بۆ شەڕكردن كار لەگەڵ عێراقییەكان دەكات.
دەشڵێت، ئێران جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی یەكڕیزی و سەروەری و یەكپارچەیی خاكی عێراق کردووەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، پاش کەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەد عێراق کەوتە حاڵەتی ئامادەباشی و هێزی سەربازی بەدرێژایی سنووری سووریا بڵاوكردەوە.