بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، وەفدێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران، تاوتوێی دۆخی سوریایان كردوەو وەفدە ئەمریكییەكە جەختیان لە پابەندی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كردۆتەوە لە پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق لەبەرامبەر هەر هەڕەشەیەكی دەرەكی.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشوازی كردوە لە وەفدێكی ئەمریكی بە سەرۆكایەتی جۆن باس، بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری سیاسی و لە كۆبونەوەی نێوانیاندا باسیان لە پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا و چۆنیەتی بەهێزكردن و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە كردوە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە كۆبونەوەكەدا جەخت لە هەماهەنگی هاوبەش كرایەوە لەبارەی دۆخی سوریاو هەروەك جەختیش لە گرنگی ئەوە كرایەوە كە قۆناغی راگوزەری سوریا سەرجەم پێكهاتەكان لەخۆبگرێت و مافەكانی سەرجەمیان پارێزراو بن ئەوەش لەپێناو پتەوكردنی سەقامگیری لەناوخۆی سوریا.
نوسینگەی سودانی ئاماژەی بەوەشداوە كە لە كۆبونەوەكەدا سەرۆك وەزیران جەختی كردۆتەوە كە عێراق رۆڵی خۆی دەگڕێت لە پەیوەندیكردن لەگەڵ برایان و دۆستانی لەبارەی دۆخی سوریاو گرنگی رێزگرتن لە ئیرادەی گەلی سوریا بۆ بڕیاردان لەبارەی ئایندەی خۆی.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لای خۆیەوە بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندوە، عێراق هاوبەشێكی سەرەكی ئەمریكایە لە ناوچەكەو جەختیشی لە گرنگی راوێژكردن لەگەڵ بەغدا كردۆتەوە لەبارەی پێشهاتەكان و وتوشیەتی، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پابەند دەبێت بە پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق لەبەرامبەر هەر هەڕەشەیەكی دەرەكی.