سودانی: عێراق ئامادەیە لەم دۆخ و قۆناغە ڕاگوزەرەدا هاوکاریی گەلی سووریا بکات
  2024-12-11       121       

محەمەد شیاع سودانی رایگەیاند، عێراق ئامادەیە لەم دۆخەی ئێستای سووریا و قۆناغە ڕاگوزەرەدا هاوکاری گەلی سووریا بکات و دەشڵێت، “گرنگە ڕێز لەوە بگیرێت، گەلی سووریا بە ئازادانە ئەوە هەڵبژێرێت کە دەیەوێت”.

ئاوێنە: محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و مایکل کۆریلا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا كۆبوونەوە و باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی سووریا و دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕووبە ڕووبوونەوەی تیرۆر کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا سودانی باسی لەوەکردووە، عێراق ئەندامی سەرەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە و پابەندە بە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئەو هاوپەیمانێتییەدا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و چاودێریکردنی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە.

لەو بارەیەشەوە، مایکل کۆریلا دڵنیایی دا لە پشتیوانی عێراق لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی خاکەکەی لە دژی هەر هەڕەشەیەکی تیرۆر.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا باسیان لە هەڕەشە بەردەوامەکانی سەر خاکی سووریا کرد و سودانی ئەوەی خستە ڕوو، پێویستە ڕێز لە بڕیاردانی ئازادانەی گەلی سووریا بگیرێت، عێراقیش ئامادەیە لەم دۆخ و قۆناغە ڕاگوزەرەدا هاوکاریی سووریا بێت.

سودانی راشیگەیاندووە، پێویستە پارێزگاری لە ‘سەقامگیری و یەکپارچەیی، هەروەها سەلامەتی گەل و فڕە ڕەنگی ئایینی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی سووریا’ بکرێت.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، ماوەی سێ رۆژە بە فەرمی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا ڕاگەیەنراوە، سەرەڕای رووخانی رژێمەکە و کۆتاییهاتنی حوکمی ٥٣ ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد، بەڵام هێشتا مەترسییەکان لەسەر سووریا کۆتاییان پێ نەهاتووە و هێشتا هێرشی دەوڵەتی تورك و ڕووسیا و ئیسرائیل لەلایەک و گرووپە چەکدارەکانی دیکەش لەلایەکی دیکەوە بەردەوامە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×