چوار سەرۆکایەتیی عێراق و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەبارەی پێشهاتەکانی سوریا کۆبونەوە، جەخت لە رێزگرتن لە سەروەری و و بژاردەی گەلی سوریا دەكەنەوە.
ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لەبارەی کۆبونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکە و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، پەیامێکی بڵاوکردەوە كە تایبەت بو بە گفتوگۆکردنی دوایین پێشهاتەکانی سوریا و روخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لەسەر بانگهێشتی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبونەوەیەکی تایبەتی لە کۆشکی بەغدا ئەنجامدا.
لە کۆبونەوەکەدا محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران؛ مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران؛ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە ئامادەبون.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی رەنگدانەوەی ئەمنی و سیاسیی پێشهاتەکانی سوریا لەسەر ئارامی و سەقامگیریی عێراق و تەواوی ناوچەکە کرا. جەخت لە بەدواداچونی دۆخی هاوڵاتییانی عێراق لە سوریا و گەرەنتیکردنی گەڕاندنەوەی خۆویستانەی هاوڵاتییان کرا.
لە کۆبونەوەکەدا بابەتی ئەو رێکارە ئەمنییانە خرایەڕو کە بۆ پاراستنی خاکی عێراق لە لێکەوتەکانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو لە سوریا گیراونەتەبەر. هەموان کۆک بون لە تۆکمەکردنی زیاتری رێوشوێنە ئەمنی و سەربازییەکان لەسەر سنوری عێراق-سوریا. هاوکات پشتیوانییان بۆ رێکارە حکومییە پەیوەندیدارەکانیش کرد.
لە کۆبونەوەکەدا پەیامی دڵنیایی ئاراستەی گەلی عێراق کرا کە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی خاک و سەروەریی عێراق و سەلامەتی هاوڵاتییان بۆ هەر هەڕەشەیەکی لەناکاو.
پێداگری لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق کرایەوە لە گرنگی پاراستنی یەکپارچەیی خاک و یەکڕیزی نیشتمانیی و سەقامگیری سوریا و رێزگرتن لە سەروەرییەکان و ئیرادە و بژاردەی گەل بۆ ئەوەی لە ئارامی و ئاشتیدا بژین. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش کرا پشتیوانی جدی لە سەقامگیری ناوچەکە بکەن.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتوە، بەشداربوانی کۆبونەوەکە هەڵوێستی سیاسیی یەکگرتوی عێراقیان دوپاتکردەوە لە دانانی نەخشەڕێگەی نوێ بۆ دروستکردنی پەیوەندیی نێوان عێراق-سوریا و بەردەوامیدان بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و دۆست لەم قۆناغەدا.