وەرزی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق بەبێ هەمواركردنەوەی یاسای بودجە كۆتایی هات
  2024-12-08       176       

دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق كە یەكێك لە بڕگەكانی ئەنجامدانی خوێندنەوەی دوەم بو بۆ هەمواری یاسای بودجە، بەهۆی تەواونەبونی نیسابی یاسایی دواخراو پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت:"وەرزی یاسادانان كۆتایی هات و هەمواری یاسای بودجەش نەكرا".

ئاوێنە: بڕیاربو پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە، پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوەو كارنامەی دانیشتنەكەش حەوت بڕگە پێكهاتبو لەنێویاندا ئەنجامدانی خوێندنەوەی دەوەم بۆ هەمواری یاسای بودجەو هەروەها دەنگدان لەسەر ئەو سێ پڕۆژە یاسایەی كە جێی ناكۆكین.

بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتی، دانیشتنەكە بەهۆی تەواونەبونی نیسابی یاسایی دواخرا.

لەوبارەیەوە د. بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق بە پێگەی رەسمی یەكێتی راگەیاند، "دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ دەنگدان لەسەر سێ پڕۆژەیاسا ناكۆكی لەسەرەكەو گفتوگۆ لەسەر بودجەو چەند پڕۆژەیاسایەكی دیكە هەڵگیراو هیچ كام لە یاساكان دەنگیان لەسەر نەدرا".

هاوكات د. نەرمین مەعروف، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق بە پێگەی رەسمی یەكێتی وت"وێڕای درێژكردنەوەی وەرزی یاسادانانی دوەم بۆ ماوەی مانگێك بەمەبەستی دەنگدان لەسەر چەند پڕۆژە یاسایەك لەوانە هەمواری یاسای بودجە، ئەمڕۆ ئەو ماوەیە تەواوبو و پشوی زستانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەستیپێكرد، بەڵام هەمواری یاسای بودجە نەكرا".

 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×