پەیامی حكومەتی عێراق لەدوای كەوتنی رژێمەكەی ئەسەد
  2024-12-08       219       

وتەبێژی حكومەتی عێراق لەپەیامێكدا لە یەكەم پەیامدا لە دوای راگەیاندنی روخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد لە سوریا رایگەیاند، جەخت دەكەینەوە لەسەر گرنگی دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆیی سوریاو پشتیوانی نەكردنی لایەنێك بەرامبەر لایەنێكی تر.

ئاوێنە: باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە پەیامێكدا وتی، حكومەتی عێراق چاودێری روداو و پێشهاتەكانی دۆخی سوریا دەكات و لە پەیوەندیدا دەبێت لەگەڵ وڵاتانی براو دۆست لەپێناو خستنەگەڕی هەوڵەكان بەرەو سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی گشتی و گیانی هاوڵاتیان و ماڵی گەلی سوریا.

عەوادی وتوشیەتی، عێراق جەخت لە گرنگی رێزگرتن لە ئیرادەی ئازادی سەرجەم سورییەكان و ئاسایش و یەكپارچەیی خاكی سوریا دەكاتەوە كە ئەمە گرنگییەكی زۆری نەك تەنیا بۆ عێراق بەڵكو بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە هەیە.

ئاماژەی بەوەشداوە، حكومەتی عێراق پشتیوانی لە هەمو هەوڵە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكان دەكات بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لەنێو سەرجەم پێكهاتەو ئاڕاستەكانی سوریا بۆ گەیشتون بە پەسەندكردنی دەستورێكی فرەیی كە مافەكانی مرۆڤ و مافە مەدەنییەكانی سورییەكان بپارێزێت.

هەورەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە جەخت دەكەینەوە لەسەر گرنگی دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆیی سوریاو پشتیوانیكردنی لایەنێك لەدژی لایەكی تر. وتوشیەتی، دەستوەردان لە دۆخی سوریا تەنیا شەڕ و ناكۆكی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لەوەشدا گەلی سوریا زیانمەندی یەكەم دەبێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×