وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، دۆخی سەر سنووری نێوان عێراق و سوریا ئارامە و لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزە عێراقییەکاندایە.
ئاوێنه: یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێز چەکدارەکانی عێراق و خەیروڵا عیسا فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ناوچەی دوو لەبارەی دۆخی سنورەكانی عێراق لەپاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سوریا بەمجۆرە زانیاری دەخەنەڕوو.
یەحیا رەسوڵ ڕایگەیاند، دۆخی سنووری نێوان عێراق و سووریا ئارامە و هێزە عێراقییەکان لەوێ جێگیرن، هەموو شتێک باشە و سەرجەم ئامێر و کەرەستە هونەرییە پێویستەکان لەبەردەستی پاسەوانانی سنووردان.
لەلایەکی دیکەوە خەیروڵا عیسا فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ناوچەی دوو باسی لەوەکرد، هەموو شتێک ئاساییە و دۆخەکە جێگیرە، چوار جۆری بەربەست بۆ پەڕینەوەی نایاسایی لە سنوورەکەدا هەیە.
باسی لەوەشکرد، ئەو بەربەستانە رێگری دەکەن لە بە نایاسایی تێپەڕاندنی سنوور، کە بریتین لە چاڵی گەورە “خەندەق”، گردی درووستکراو، تەلی دڕکاوی و هەروەها دیوارێکی کۆنکرێتی کە بەرزییەکەی ٣ مەتر و نیوە.
دەشڵێت، سەرجەم هێزەکانی سنوورمان رێکخستووەتەوە و پلانی ورد و درشت دانراوە بۆ پارێزگاریکردن لە سنوورەکان، بە کامێراش چاودێری وردی سەرجەم سنوورەکان دەکرێت.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، بەیانی ئەمڕۆ چەتەكانی دەوڵەتی تورك بەتەواوی دیمەشقیان کۆنتڕۆڵکرد، تەلەفزیۆنی سووریا بە فەرمی کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی ڕاگەیاند و بەوەش کۆتایی بە حوکمی ٥٣ ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هات.