سودانی بۆ وەزیری دەرەوەی ئێران: قەیرانی سوریا كاریگەری ئاشكرای لەسەر ئاسایشی عێراق دەبێت
  2024-12-06       144       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی لە كۆبونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی كردەوە كە عێراق لەگەڵ یەكپارچەیی و ئاسایش و سەقامگیری سوریادایەو دەشڵێت: قەیرانی سوریا كاریگەری ئاشكرای لەسەر ئاسایشی عێراق دەبێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەنرداوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ هەینی، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەغدا پێشوازی كردوە لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و لە كۆبونەوەی نێوانیاندا باسیان لە پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان هەردو وڵات و پێشهاتەكانی ناوچەكە بەتایبەت ئەوەی لە سوریا رودەدات كردوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، سودانی ئاماژەی بە "هەڵوێستی رەسمی و جێگیری عێراق داوە كە لەگەڵ یەكپارچەیی و ئاسایش و سەقامگیری سوریادایە" و جەختیشی لە گرنگی رێزگرتن لە سەروەری خاكی سوریا كردۆتەوە.

سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لەوەشكردۆتەوە كە عێراق بەردەوام دەبێت لە هەوڵە دیپلۆماسییەكانی لەپێناو كۆنترۆڵكردنی قەیرانی سوریا كە كاریگەری ئاشكرای لەسەر ئاسایشی عێراق دەبێت. وتیشی، ئەوەی لە سوریا رودەدات جیا نییە لەوەی لە غەززەو لوبنان رویدا و بوە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×