سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی: عێراق ناتوانێت چاو دابخات، كاتێك گروپە تیرۆریستییەكان كۆنترۆڵی سوریا دەكەن
  2024-12-06       416       

فالیح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە تەلەعفەرەوە رایگەیاند، ئەوەی لە سوریا رودەدات، قەیرانێكی ناوخۆییە، بەڵام عێراق خۆی بۆ هەر حاڵەتێكی لەناكاو ئامادە دەكات. دەشڵێت: عێراق ناتوانێت چاو دابخات، كاتێك گروپە تیرۆریستییەكان كۆنترۆڵی سوریا دەكەن.

ئاوێنە: فالیح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەمڕۆ هەینی، لەمیانی بەشداریكردنی لە دیدارێكی ئەمنی بۆ سەرۆك عەشیرەتەكانی پارێزگای نەینەوا كە لە تەلەعفەر بەڕێوەدەچێت، وتەیەكی پێشكەشكرد.

فالیح فەیاز وتی"لێكەوتە گەورەكانی ناوچەكە ساڵێك لەمەوبەر لە فەلەستینەوە دەستیان پێكرد و ناوچەكەیان بردە قۆناغێكی نوێ."

ئاماژەی بەوەشدا، "نەتەنیاهۆ هەوڵی بەرفراوانكردنی جەنگی دا لەپێناو كەمكردنەوەی گوشار لەسەر قەوارەی زایۆنی."

سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەشدا"رۆژی 7ی ئۆكتۆبەری 2023، هەمو خەونێكی ئاساییكردنەوە(ی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل) لە گۆڕنا."

جەختیشی كردەوە كە "عێراقی ئەمڕۆ، عێراقەكەی 2014 نییە، هەروەها موسڵیش موسڵەكەی 2014 نییە، ئێمە لەسەر رێگای بەرەوپێشچونین. گروپە تیرۆریستییەكان ئەمڕۆ هەمان ئەو ناوانەیان هەڵگرتوە كە پێشتر جەنگاوین لەدژیان."

فالیح فەیاز وتیشی"ناتوانین چاومان دابخەین كاتێك كە گروپە تیرۆریستییەكان سوریا كۆنترۆڵ دەكەن كە لەلایەن ئەجێندای دەرەكی و دەستوەردانی رۆژئاواییەكان پشتیوانی دەكرێن."

بەقسەی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی "عێراق ئەگەر لایەنێكی قەیرانەكەش نەبێت، ئەوا پێویستە لەسەری خۆی بپارێزێت لە سایەی ئەوەی كە لە وڵاتێكی دراوسێی رودەدات. سوریا، نوێنەرایەتی بواری سەرەكی ئەمنی ئێمە دەكات كە ناكرێت جیابكرێتەوە لە عێراق و هەمو ئەوانە بەدەر لەمە دەڵێن، خەیاڵپڵاون."

وتیشی"خواستی عێراق ئەوەیە كە گەلی سوریا رزگاری ببێت."

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×