سەدر: نابێت حكومەت و لایەنەكان و میلیشیاو هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەستوەردان لە سوریا بكەن
  2024-12-05       259       

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتى نیشتمانیى شیعە داوا لە حكومەت و تەواوی لایەنەكان و میلیشیاكان و هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەستوەردان نەك لە دۆخی سوریاو جەختیش دەكاتەوە لەوەی نابێت كەس لەدژی بڕیاری گەلی سوریا بۆ بڕیاردان لەچارەنوسی بوەستێت.

ئاوێنە: موقتەدا سەدر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەیامێكدا لەبارەی دۆخی سوریا، لە تۆڕی ئێكس رایگەیاند، بەوردی چاودێری دۆخی سوریا دەكەین، هیچمان لە دەستنایەت بۆ گەلە ئازاد و سەربەزەكەی بەتەواوی پێكهاتەكانییەوە جگە لە نزاو پاڕانەوە بۆ بەدوربونیان لەبەڵای تیرۆر و توندڕەوی و ستەم و تائیفیەت و دەستوەردانی دەرەكی.

سەدر ئاماژەی بەوەشداوە، ئێمە هێشتا لەسەر هەڵوێستی خۆمانین لەوەی دەستوەردان لە كاروباری سوریا نەكرێت و راوەستان لە دژی بڕیارەكانی گەلی سوریا نەبێت، چونكە گەلی سوریا تاكە لایەنی پەیوەندیدارە بۆ بڕیاردان لە چارەنوسی خۆی.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئومێدەوارین هەموان كێش نەكرێنە ناو پلانی سێكوچكەی شومی ئەمریكاو بەریتانیاو ئیسرائیل.

موقتەدا سەدر وتوشیەتی"هەروەها دەبێت جەخت لەوە بكرێتەوە كە پێویستە حكومەت و گەل و تەواوی لایەنەكان و میلیشیاو هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەستوەردان نەكەن لە دۆخی سوریا، وەك چۆن پیشەی هەندێكیان بو لە رابردودا، بەڵكو دەبێت حكومەت رێگرییان لێ بكات و سزای هەمو ئەوانە بدات كە پێشێلی ئاسایش و ئارامی دەكەن لە عێراق."

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×