لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل رایگەیاند، لە بەغدا لەگەڵ نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كۆبۆتەوەو "چەند تەوەرێكی گرنگ"یان تاوتوێ كردون لەوانە كێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و دۆخی ئەمنی عێراق و ناوچەكە.
ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا كە لە بەغدای پایتەخت، سەردانی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای کردوە.
وتوشیەتی"لەو سەردانەدا چەند تەوەرێکی گرنگمان تاوتوێ کرد، لە سەروی هەمویانەوە پرسی کێشەی موچەخۆرانی هەرێم و دواکەوتنی موچەکانیان، هەردولا جەختمان کردەوە کە نابێت قوتی خەڵک بە هۆکاری گەندەڵی و یاساشکێنی کێشەی بۆ دروستبکرێت و ئەو کێشەیەی زیاتر لە 10 ساڵە بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتوە دەبێ بە ریشەیی چارەسەربکرێ، ئەوەش بە شەفافیەت و یاساسەروەری دەکرێت."
سەرۆكی بەرەی گەل وتوشیەتی"دۆخی ئەمنی عێراق و ناوچەکە و ئەو پەرەسەندنانەی هاتونەتە ئاراوە لە ئاستی هەرێمایەتی تەوەرێکی تری گفتوگۆکانی نێوان ئێمە و جەنابی مالیکی بو."
هێمای بۆ ئەوەش كردوە "هەروەها بە بایەخەوە باسمان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ئایندەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردو کۆک بوین لەسەر هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی زیاتر لە نێوانماندا."