فراكسیۆنە كوردییەكان بایكۆتیان كردو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ رۆژی شەممە دواخرا
  2024-12-05       228       

دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بۆ رۆژی شەممە دواخرا، ئەوەش بەهۆی تەواونەبونی رێژەی یاسایی لەدوای بایكۆتكردنی دانیشتنەكە لەلایەن فراكسیۆنە كوردییەكان بەپاساوی لابردنی بڕگەی ئەنجامدانی خوێندنەوەی دوەم بۆ هەمواری یاسای بودجە لە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەدا.

ئاوێنە: فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتی، دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ رۆژی شەممە دواخرا. ئەوەش پاش ئەوەی پێشتر بەهۆی تەواونەكردنی نیسابی یاسایی بۆ ماوەی سەعاتێك دواخرا.

هاوكات د. بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا وتی، وەک فراکسیۆنە کوردییەکان بایکۆتی دانیشتنی ئەمڕۆمان کرد و رێژەی یاساییمان شکاند، چونکە خوێندنەوەی دوەم بۆ هەمواری یاسای بودجە لە بەرنامەی کار لادرابو.

لای خۆیشییەوە موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هۆكاری لابردنی بڕگەی ئەنجامدانی خوێندنەوەی دوەم بۆ هەمواری یاسای بودجە لە بەرنامەی كاری دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای عێراقی وتویەتی، لیژنەی دارایی رێككەوتوە لەسەر لابردنی ئەو بڕگەیە لە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی پەرلەماندا، ئەوەش بەهۆی تەواونەبونی راپۆرتی لیژنەی دارایی لەبارەی هەموارەكە.

وتوشیەتی، بەوهۆیەوە سەرۆكی لیژنەی دارایی داواكارییەكی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد بۆ لابردنی ئەو بڕگەیە تا ئەو كاتەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی گفتوگۆی بڕگەكانی هەمواری یاسای بودجە دەكەن و لیژنەكەیان راپۆرتی خۆی ئامادە دەكات بەرلەوەی لەنێو دانیشتنی پەرلەمان گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×