وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، چوار ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆنم زەویان بۆ کشتوکاڵ و بێستان تەرخان کردووە و پڕۆژەیەکیشیان هەیە بۆ پێدانی قەرزی پاڵپشتیکردن بە جوتیاران.
ئاوێنە: محەمەد عەبدولڕەزا خوزاعی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لەبارەی پێدانی قەرزی پاڵپشتی بە جوتیاران، رایگەیاند، پلانی جدیان هەیە بۆ وەرزی کشتوکاڵی ئەمساڵ بۆ چەندین بەرهەمی دانەوێڵە، کە چوار ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆنم زەوییان بۆ کشتوکاڵ و بێستانەکان تەرخان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو زەویانەدا ملیۆنێک و ٦٦٠ هەزار دۆنمیان زەوی ئامادە و سێ ملیۆن و ١٤٠ هەزار دۆنمیشیان زەوی وشکبوون و دەیانەوێت دووبارە بیان ژیەننەوە.
وتیشی، لەچوارچێوەی ئەو پلانانەدا لەرێگای بانکی ناوەندییەوە قەرز دەدەنە جوتیاران بۆ پاڵپشتیکردن لە بەرهەمهێنانی بەرهەمەکانیان، بە جۆرێک کە لەکاتی وەرگرتنەوەی قەرزەکەدا دۆخی جوتیار و قازانجکردنی جوتیارەکە لەبەرچاو بگیرێت و بە تەواوی لە بەرژەوەندی جوتیاراندا بێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بڕیاریان داوە بە دەستپێکردنەوەی وەرزی چاندنی برنجی عەنبەر و یاسەمین لەمساڵدا.