فەرماندەیەکی باڵای حەشدی شەعبی ڕایدەگەیەنێت پێدەچێت توركیا دەستی لەو هێرشەی سەر سوریا هەبێت و تێکچونی لەمە زیاتری دۆخەکەش بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی عێراق دەزانێت و دەشڵێت، حەشدی شەعبی و هێزە چەکدارەکانی دیکە جوڵەیان پێکراوە بۆ سەر سنوری سوریا.
ئاوێنە: عەبدولڕەحمان جەزائیری، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە وەزارەتی بەرگری عێراق هاوکات یەکێکە لە سەرکردەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بەهۆی ئەو شەڕەی لە سوریا هەیە، لە عێراقەوە جموجۆڵێکی سەربازی هەیە بۆ سەر سنوری سوریا بەسەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ و وەزیری بەرگری عێراق کە لە فیرقەی یەکی سەربازی و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و هێزەکانی حەشدی شەعبی پێکهاتون، پێکهاتەی حەشدی شەعبیش وەک پێکهاتەیەکی فەرمی لە ژیر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقە و بەشدارە لە پرۆسەکە."
وتیشی،"ئەو هێرشەی کە کراوە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی عێراق دروست دەکات و کاریگەری لەسەر مەزهەبەکان هەیە و ئەوەی باسی لێوەدەکەن برایانمان بونی لایەنگیرانی ئێران لە سوریا و هەروەها هێزی بەرگری بونی هەیە لە سوریا بەتایبەت و دیاریکراوی لە ناوچەکانی باشوری سوریا و ناوچەکانی ناوەڕاست کە نزیکە لە باکور کە ئێستا شەری تێدا دەکرێت."
نوسینگەی ڕاگەیاندی سەرۆکی حکومەتی عێراق، ڕۆژی سێشەممە 3ی مانگی دوانزەی 2024 بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆی تەلەفونی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا ئەنجامدا و هەردولا تیشکیان خستوەتە سەر دواین پێشهاتە ئەمنیەکانی ئەم دوایەی سوریا و ناوچەکە.
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئۆردوغانی ئاگادارکردوەتەوە کە عێراق لە تەنیشتەوە ناوەستێت و تەماشای ئەو کاردانەوە مەترسیدارە ناکات کە لە سوریا ڕودەدەن بەتایبەتی،" پاکتاوکردنی نەتەوەیی پێکهاتەکان و مەزهەبەکانی ئەوێ." جەختیشی کردوەتەوە کە عێراق پێشوتر بەهۆی تیرۆر و دەرئەنجامی کۆنترڵکردنی ڕێکخراوە توندڕەوەکانەوە زیانی پێگەیشتوە لەسەر ناوچەکانی سوریا، بۆیە ڕێگا نادات دوبارە بکرێتەوە.
لەناوەڕۆکی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتوە، سودانی جەختی لەوە کردوەتەوە،" کە وڵاتانی ئیسلامی پێویستیان بە دابەشبونی ناوخۆیی نییە و ئەوەی لە سوریا ڕودەجات لەبەرژەوەندی قەوارەی زایۆنیدایە کە بەئەنقەست شوێنەکانی سوپای سوریای بەشێوەیەک بۆردومانکرد کە ڕێگەی خۆشکرد بۆ گروپە تێرۆریستیەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەی زیادە لە سوریا، جگە لەوەی کە ئەم ڕێکخراوانە هیچ هەڵوێستێکی پشتیوانیان بۆ گەلی فەلەستینمان نەبوە یان هیچ ئیدانەکردنی ڕوی دەسترێژی بۆ سەرغەززەیان نەبوە."
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، هەردو هاوڕابونە لەسەر گرنگی هەماهەنگی هاوبەشی نێوانیان، هەروەها پێویستی پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری سوریا، بەو پێیەی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەمو وڵاتانی ناوچەکە هەیە.
عەبدولڕەحمان جەزائیری، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە وەزارەتی بەرگری عێراق، ڕاشیگەیاند،"ئێمە کاتێک تەماشای هێزێکی پڕ چەکی پێشکەوتو دەکەین کە لە سوپای سوریای داوە لە ئەدلب و حەما و ئەوەی پێی دەوترێت حمس و ناوچەکانی نزیکیان، ئەمە واتای ئەوەیە دەستێوەڕدانێکی ڕون هەیە لەلایەن تورکیاوە."
وتیشی،"بە دوری نازانین دزە پێکردن و بەدەستەوەدانی ئەم ناوچانە لەلایەن تورکیاوە بێت بە دانپێدانانی بەشێک لە هەواڵگری تورکیا کە تورکیا پاڵپشتی ئەم پرۆژەیە دەکات لە ناوچەکە، ئێستا لەسەر مێزی سیاسی گفتوگۆ دەکات و بەداخەوە چەند کیلۆمەترێکی سنوری عێراقی بەزاندوە و بەداخەوە نەتەوە یەکگرتوەکان بیدەنگە لەو ڕویەوە."
جەزائیری، باسی لەوەشکرد،" هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی مەبەستیانە پریشکی ئەو ئاگرە لە عێراق دوربخەنەوە، چونکە بەڕاستی مەترسیدارە و نابێت ڕێگەبدرێت بەو پێشڕەویانە."