شەوی ڕابردوو سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە بەشداری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆوەزیرانی عێراق لە بەغدا كۆبوونەوە و تاوتوێی دۆخی سووریا و مەترسییەكانیان لەسەر عێراق كرد، چوارچێوەكە داوای لە هاوڵاتیان كرد، گرنگی بە میدیا و شەڕی دەروونی دووژمنان نەدەن.
ئاوێنە: چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان سەبارەت بە دۆخی سووریا و مەترسییەكانی سەر عێراق، ڕاگەیاندراوێكیان بڵاوكردەوە، کە تیادا هاتووە، شەوی ڕابردوو سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان لە نووسینگەی عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران ئەنجامدا و تیایدا تاوتوێی دۆخی سووریا و مەترسییەكانیان لەسەر عێراق كرا.
ئاماژە بەوەشكراوە، سەركردەكانی چوارچێوەكە نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە داگیركاریی چەکدارانی تەحریر شام بۆ سەر سووریا دەربڕی، جەختیش لەوەكرایەوە ئاسایشی سووریا درێژكراوەی ئاسایشی نەتەوەیی عێراقە.
هاوكات چوارچێوەكە هەوڵە گەورەكانی حكومەت و هێزە ئەمنییەكان و ڕاگەیاندنی ئامادە باشی بۆ پاراستنی سنوورەكانی نێوان هەردوو وڵات بەرزنرخاند، لەهەمان كاتدا سەلامەتی گەلی عێراقی لە پێشهاتەكان دڵنیا كردەوە و داوای لێكردن گرنگی بەو شەڕە میدیایی و دەروونییە نەدەن كە زانیاری ناڕاست بڵاو دەكەنەوە.
لە كۆتایدا چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستی هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانی لە بەرامبەر پێشێلكردنی سەروەری وڵاتەكەیان بەرز نرخاند.