پەرلەمانی عێراق كۆبونەوەی ئەمڕۆی خۆی بۆ سبەی دوشەممە دواخست كە بڕیاربو تێیدا دەنگ لەسەر ئەو سێ پڕۆژە یاسایە بدرێت كە جێی ناكۆكین.
ئاوێنە: فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەنرداوێكدا وتی، بڕیاردرا بە دواخستنی كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ سبەی دوشەممە.
بڕیاربو لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا ئەو سێ پرۆژەیاسایە بخرێنە دەنگدان كە جێی ناكۆكین و هەروەها خوێندنەوە بۆ دو پرۆژەیاساش بكرێت.
ئەو سێ پڕۆژە یاسایەی بڕیاربو بخرێنە دەنگدان جێی ناكۆكین لەنێوان كوردو شیعەو سوننە و بریتین لە: هەمواری یاسای باری كەسێتی پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان لەگەڵ پرۆژەیاسای هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی.
بەهۆی ناكۆكییەوە لەسەریان لە چەند دانیشتنێكی پێشوی پەرلەماندا نەتوانرا دەنگ لەسەر ئەو سێ پڕۆژە یاسا بدرێت و دواخران. كورد پشتیوانی لە دەرچونی پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەكانەكیان دەكات و هاوكات شیعە پشتیوانی لە پەسەندكردنی هەمواری یاسای باری كەسێتی و سوننەكانیش داوای تێپەڕاندنی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی دەكەن.