عێراق بەفەرمی هەموو سنورەکانی لەگەڵ سوریا داخست
  2024-11-30       285       

سوپای عێراق لەسەر فەرمانی محەمەد شیاع سودانی سنورەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سوریا بە تەواوی داخست. هاوکات سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ لەگەڵ بەشار ئەسەد پەیوەندیەکی تەلەفونی ئەنجامدەدات و سودانی پێی رادەگەیەنێت "ئاسایش و سەقامگیریی سوریا و عێراق وەک یەکن".

ئاوێنە: قەیس محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئاشکرایکردووە "سنورەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سوریا بەتەواوەتی داخراون".

ئاماژەی بەوەشداوە "بڕیارەکە بە فەرمانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەرچووە ئەمەش دوای فراوانبوونی گرژییەکانی سوریا دوای ئەوەی هێزەکانی دەستەی تەحریری شام هێرشیانکردە سەر شاری حەلەب.

لەلایەکی دیکەشەوە بەشار ئەسەد پەیوەندی بەسودانییەوە کرد دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێکرد، لەوبارەیەوە نوسینگەی سەرۆک کۆماری سوریا ڕایگەیاند "بەشار ئەسەد لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق سودانی دوایین پێشهاتەکان و هاوکارییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات لەبواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ژمارەیەک پرس و دۆسیەی عەرەبی و نێودەوڵەتی تاوتوێکردووە".

هاوکات لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سودانی وتویەتی "ئاسایش و سەقامگیریی سوریا و عێراق وەک یەکن".
 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×