ناوەڕۆكی كۆبونەوەی یەكێتی و گۆڕان
  2024-11-28       175       

ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سلێمانی وەفدی باڵای یەكێتی بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی و وەفدی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرۆكایەتی دانا ئەحمەد مەجید كۆبونەوە. لە دوای كۆبونەوەكە وتەبێژی گۆڕان رایگەیاند، ئەوان وەك ئۆپۆزسیۆن دەمێننەوەو داواشی كرد سەرجەم لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن پێكەوە كاربكەن.

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەفدی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی لە سلێمانی كردو لەگەڵ وەفدێكی باڵای بزوتنەوەكە بە سەرۆكایەتی دانا ئەحمەد مەجید رێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕان و دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان بەگشتی و ئامادەکارییەکانی قۆناغی پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "هەردولا هاوڕا بون کە پێویستە بەوریاییەوە مامەڵە بکرێت لەگەڵ دۆخی ئێستا و پێویستییەکانی ئەم قۆناغە لەپێناو خزمەتکردنی باشتری هاوڵاتییان. ئامادەییشیان دەربڕی کە بەیەکەوە کار لەسەر هێنانەکایەی ژینگەیەکی ئارامی سیاسی بکەن لەپێناو گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی بۆ باشترکردنی ئاستی گوزەرانی هاوڵاتییان."

لە دوای كۆبونەوەكەش دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، بزوتنەوەی گۆڕان وەک ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسی دەمێنێتەوە و هەوڵی باشکردنی ژیانی خەڵک دەدەن.

وتیشی: داوایان کردوە لایەنەکان لەسەر پڕۆژەیەکی نیشتمانی ڕێبکەون و پەلە بکەن لە پێکهێنانی کابینەی نوێ، پێویستە سەرجەم لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش پێکەوە و بە یەکگرتویی کاربکەن تا بتوانن بەرجەستەی دەنگی ئەو کەسانە بکەن کە ناڕازین لە دەسەڵات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×