بەڕێوەبەرى گەنجینەى ٢ى سلێمانى رایگەیاند، هیچ بڕیارێک بۆ پاشەکەوتى مووچەى مانگەکانى ١٠ و ١١ نەدراوە و تەنیا داواى ژمێرەی کۆتایی لە فەرمانگەکان کراوە.
ئاوێنە: ئەمرۆ سێشەممە، ئەشرەف فازڵ، بەڕێوەبەرى گەنجینەى ٢ى سلێمانى بە میدیای یەکێتی وت "ئەو نوسراوەى لەگەنجینەکانەوە ئاڕاستەى فەرمانگەکان کراوە پەیوەندى بە پاشەکەوتى مووچەوە نییە، بەڵکو بۆ ئەوە بووە مووچەى مانگى ١٠ لەهەر کاتێک دابەشکرا لە ژمێرەى مانگى ١٠ تۆماربکرێت، بۆ مووچەى مانگى ١١ش بەهەمان شێوە دەبێت".
ئاشکراشیکرد "مانگانە وەزارەتى دارایی عێراق داواى خەرجى هەر مانگێک دەکات و لەبەرئەوە پێویستە سەرجەم داتاکان بەدروستى تۆماربکرێت".
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلێدوانێکدا بۆ میدیاکان لەبارەی پاشەکەوتکردنی مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ رایگەیاندووە "نەخێر شتی وا نییە، هەموو مووچەکان دەدرێت وەکو خۆی، ١٠ دەدرێت پاشان ١١ و دواتر ١٢".
جەختیشیکردەوە "نەخێر هیچ مووچەیەکی کۆتایی نافەوتێت و هەموو لیستەکان ئامادەن لەگەڵ خشتەکانیش، ئەو بڕە پارەی لەبەغداوە دێت هەرێم تەواوکاریەکەی تەواوی دەکات".
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا محەمەد شیاع سودانی بڕیاریدا، بۆ مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢، بۆ هەر مانگێک بڕی ٧٦٠ ملیار دینار وەکو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.