كەشناسی عێراق هۆشداری دەدات لەوەی كە پێشبینی دەكرێت سبەی سێشەممە، شەپۆلێكی سەرماو بارانی چڕ و بەخوڕ لەگەڵ هەورە بروسكە چەند پارێزگایەك بگرێتەوە لەوانە پارێزگای سلێمانی.
ئاوێنە: كەشناسی عێراق، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، لە هۆشدارییەكدا رایگەیاندوە، بەپێی نوێترین گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا پێشبینی دەكرێت سبەی سێشەممە، شەپۆلێكی باران بارینی چڕو بەخوڕ كە هەورە بروسكەی لەگەڵدا دەبێت، پارێزگاكانی سلێمانی، میسان، واست، دیالە، سەڵاحەدین و بەسرە بگرێتەوەو هەروەها لە كاتەكانی شەو و بەیانیاندا پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو لە سبەینێ و رۆژانی دواتردا نزم ببنەوە.
هۆشداریشی داوە كە پێشبینی دەكرێت بەوهۆیەوە لافاو لە هەندێك ناوچە دروست ببێت و بەهۆی باران بارینی چڕیشەوە پێشبینی دەكرێت مەودای بینین كەم ببێتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە بەهۆی دابەزینی بەرچاوی پلەكانی گەرماشەوە پێشبینی دەكرێت بەستەڵ و بەستن لە رێگەكانی دەرەوەی شارەكان لە باكور و رۆژئاوای عێراق دروست ببێت.