شاخەوان عەبدوڵا: فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی بیانوی بێ بنەمای وەزیری داراییەوە موچەیان وەرنەگرتوە
  2024-11-25       219       

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆیان لەگەڵ سەرۆكی دادگای فیدراڵی دەخاتەڕو بە "كۆبونەوەیەكی گرنگ" بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناوی دەبات و دەڵێت، فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی "بیانوی بێ بنەما"ی وەزیری دارایی فیدراڵەوە ماوەی دو مانگە موچەیان وەرنەگرتوە.

ئاوێنە: شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"ئەمڕۆ هاوڕێ لەگەڵ خوشک و برایانم لەسەرۆکی فراکسیونە کوردستانییەکان سەردانی سەرۆکی دادگای ئیتحادیمان کردو لەلایەن بەرێز دادوەر جاسم عمیری، سەرۆکی دادگاکەوە بەسوپاسەوە پێشوازییەکی گەرم کراین."

وتوشیەتی"جیا لەباسکردنی پەیوەندی نێوان هەردو دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی یاسادانان زۆر بەڕونی باسمان لەکێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کرد کە ماوەی دو مانگە موچەیان وەرنەگرتوە بەبیانوی جۆراوجۆر و بێ بنەما  لەلایەن وەزیری داراییەوە کە ئەمە پێچەوانەی بڕیاری دادگای ئیتحادییە بەوەی کە نابێت لەژێر هیچ پاساوێک ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوا بکەوێت."

شاخەوان عەبدوڵا ئەوەشی خستۆتەڕو"بەخۆشحالییەوە سەرۆکی دادگای ئیتحادی  دوپاتی کردەوە کە ڕاستە ناوەڕۆکی بڕیاری دادگا بەو شێوەیەو نابێت دەست بۆ موچەی فەرمانبەران ببرێت و باسی لەوە کرد کۆبونەوەیەک رێک دەخەن تایبەت بەو پرسە و دەبێت کۆتایی بەو بابەتە بێت و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر بکرێت و مانگانە لەگەڵ فەرمانبەرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بگاتە دەستیان."

جێگری سەرۆكی پەرلەمان وتوشیەتی"هەروەها باسمان لەوە کرد دیسان پێشێلی دەستورو یاسا کراوە لە بابەتی رێگریکردن لە جوتیارانی ئێمە بۆ گواستنەوەی بەروبومەکانیان بۆ ناوچەکانی باشورو ناوەڕاست، بۆ ئەو بابەتەش پشتڕاستی کردەوە کە دەستور رێگە نادات ئەو رێگرییە بکرێت، لەچەند رۆژی داهاتودا هەر بۆ ئەو پرسانە کۆمەڵێک سەردان و رێکاری یاسایی هەیە دەیگرینەبەر."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×