سۆشیاڵ میدیا بووە بە"مۆتەکە"
  2024-11-26       926       
پۆلیسی هەولێر: داوا لەهاوڵاتیان دەکەین، بەتایبەت ئافرەتان تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زۆر بەهۆشیاری بەکاربهێنن تاکو نەبنە قوربانی

ئا: شەنگە دارا

 

ھەراسان کردن‌و گێچەڵ کردن بەژنان لەرێگەی سۆشیال میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، لەحاڵەتەوە بۆتە دیاردە، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت "رۆژانە لەسەر تاوانی ئەلکترۆنی لەبەڕێوەبەرایەتییەکەمان سکاڵا تۆمار دەکرێت".

 

گروپی هاکەر، لەگورگی وێڵەوە تا هاکەری پارتە سیاسییەکان‌و دەزگا ئەمنیەکانیان

ئاسۆ وەهاب، بەڕێوبەری تیمی بەهاناوەچوونی عێراق ئاماژەی بەوەدا لەسەر ئاستی جیهانی تەمەنێکی دیاریکراو نییە بۆ ئەو کەسە خراپانەی کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەخراپی بەکاردەهێنن، دیارە بۆ کوردستانیش هەمان شت ڕاستە، ئەگەر مەبەست لەباندی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (مێشی ئەلکترۆنی)یە، ئەوا ئەمەیان بەهەمانشێوە دیاردەیەکی جیهانییە، جاری وا هەیە خودی خەڵک تیایدا بەشدارەو جاری وایش هەیە دەستەو تاقمێک یان گروپێکی هەڵگری بیروڕایەکی دیاریکراو یان دامەزراوەیەکی ئەمنی دەوڵەت یان پارتێکی سیاسی کاری لەسەر دەکەن، ئەو بەئاوێنەی وت "باندی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (گروپی هاکەری نائەخلاقی) چەند جۆرێکن لەکوردستان، گورگی وێڵمان هەیە کە بەتەنها کار دەکات، گروپی هاکەری پارتە سیاسییەکانمان هەیە، گروپی هاکەری دەزگای ئەمنی نهێنی حیزبە سیاسییەکان‌و تەنانەت دەستەو تاقمە ئاینییەکانیش هەیانە، گروپی هاکەری تریش هەن کە خۆیان بەسەربەخۆ دەخەنەڕوو".

وتیشی "تەمەبێکی دیاریکراو نییە، بەڵام هەمووان دەزانن کە کۆمەڵگەی کوردی بەسروشت کۆمەڵگەیەکی گەنجە، بەم دەرئەنجامە دەتوانین بڵێن هەموو ئەوانەی لەپشت ئەم بابەتەوەن گەنجن، دابەشبوونی جوگرافیان دیار نییە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێمە بەسەر هەموو پارێزگاو ناوچەکان دابەشبوونەو تەنانەت هەیانە لەدەرەوەی کوردستانە".

 سەبارەت بەچۆنیەتی خۆپاراستن لەو جۆرە گروپ‌و کەسانە، ئاسۆ وتی "بەو پێیەی ژمارەی تاوانکارەکان لەم بوارەدا کەمن‌و ئاستی تەکنیکییان لاوازەو هێرشەکانیان دژی کەسانی دیاریکراوە، بۆیە تەکنیکێک کە پەنای بۆ دەبەن زیاتر تەکنیکی ڕاوکردنی هەژمارەکانی سۆشیال میدیایە، بۆ خۆپاراستن گرنگە وشەیەکی نهێنی بەهێزمان هەبێت کە پێکبێت لەپێتی ئینگلیزی گەورەو بچوک، ژمارەو هێما، هاوکات چوونەژوورەوە بە دوو هەنگاو کارابکەین، کلیک لەسەر لینک نەکەین هەتا دڵنیا نەبین لەوەی چییە، بەهیچ شێوەیەک وەڵامی کەسانی نەناسراو نەدەینەوەو زانیاری‌و وێنەو ڤیدیۆی تایبەت بەژیانی خۆمان نەبڵاوبکەینەوە، نەبۆ کەسی نەناسراو بنێرین".

وتیشی "ئەوەی خەڵک ڕۆژانە لەناو ئینتەرنێتدا دەیبینن‌و دەیکەن، لە ١١٪ ئینتەرنێت تێناپەڕێت، ٨٩٪ ئینتەرنت بریتییە لەئینتەرنتی تارک‌و قوڵ، ئەمە ئامرازی تایبەتی خۆی دەوێت تا پێیبگەیت، ئەو تاوانانەی لەیەکەم بەش دەکرێن، خودی قوربانی کارئاسانی دەکات تا بەرامبەری بکرێت، هەر بەنموونە کەسێک کەسێکی خۆش بوێت چ پیویستی بەگرتە ڤیدیۆو وینەی وروژێنەرە، لەبنەڕەتدا بۆی بنێردرێت؟".

ئاسۆ باس لەوە دەکات کە ئەوان لەتۆڕی عێراقی بۆ مافە دیجیتاڵییەکان INSM مامەڵە لەگەڵ کەیسەکانی ڕۆژنامەوانان‌و چالاکوانان دەکەن‌و هەموو خزمەتگوزارییەکانیان بێ بەرامبەرە، ئەو وتی "وەک ئامۆژگاری قوربانییەکان ئەگەر وێنەو ڤیدیۆی پۆڕیان هەیە، دەتوانن سوود لەماڵپەڕی https://stopncii.org/   وەربگرن بۆ سڕینەوەی ئەو وێنەو ڤیدیۆیانە بەبێ بەرامبەر".

وتیشی "گرنگە خەڵکی ئێمە لەوە تێبگات کە جیهانی ئینتەرنت ئەو جیهانە شاراوەیە نییە کە وێنای دەکات، پیویستە خۆی‌و خیزانی‌و مناڵەکانی هۆشیار بکاتەوە لەمەترسییەکانی‌و هاوکات ئەرکی حکومەت‌و دەزگاکانی میدیاو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە لەم بوارە کار بکەن‌و کۆمەڵگەی کوردەواری هوشیار بکەنەوە، بەتایبەت کە ئێستا پەیتا پەیتا بانەتەکانی ژیری دەستکرد پەرە دەسێنێت‌و بەرەو کامڵبوون‌و پێگەیشتن دەچێت، بۆیە دەبێت خۆمانی بۆ ئامادە بکەین".

 

"بۆ سڕینەوەی ڤیدیۆکانم داوای ٥٠ هەزار دۆلارم لێکرا"

شنە (ناوێکی خوزراوە)، تەمەنی ٢٥ ساڵەو باس لەوە دەکات کە باندێک بێ ئەوەی بیانناسێت کێشەیان بۆ دروستکردووە، کاتێک سناپەکەیان هاک کردووەو وێنەو ڤیدیۆکانیان بردووەو لەتیک تۆک بڵاویانکردوەتەوە، ئەو وتی "زۆر دڵگران بووم بەبڵاوکردنەوەی ئەو وێنەو ڤیدیۆ تایبەتانەو ژیانی لێهەراسان کردبووم، بۆ سڕینەوەیان داوای پێنج دەفتەر دۆلاریان دەکرد".

وتیشی "زۆر گیرۆدە بووم، تا شارەزایەکی تۆڕی کۆمەڵایەتی هاوکاری کردم‌و کێشەکەی بۆ چآرەسەر کردم‌و ڤیدیۆکانی سڕییەوە". 

 

لەسەر کردنەوەی لایڤ خێزان هەڵوەشاوەتەوە

پارێزەر محمەد مەغید وتی: دادگاکان پڕن لەو کەیسانەی کە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕێڕەوی ئەنجامدانی تاوانەکە بوە، لەو تاوانانەی کە زۆر باون کە لەڕێگەی ئەو تۆڕانەوە ئەنجام دەدرێن وەک (هەڕەشە، ناوزڕاندن)، مەغدید وتی "ئەو کەیسانەی کە لەدادگاکان هەن سەبارەت بەسۆشیاڵ میدیاکان تەنها تاوان نین، بەڵکو بەشێکی زۆریان کاریگەریەکەیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێزانە چونکە ڕێگەیەکی ئاسانە بۆ خیانەت کردن لەنێوان هاوسەران".

وتیشی "نمونەیەک دەخەمەڕوو کە خۆم بینیومە، خێزانێک کە خاوەنی دوو منداڵن بەهۆی ئەوەی ئافرەتەکە لایڤ دەکاتەوە هەڵوەشاوەتەوە لەبەرئەوەی ئافرەتەکە ئامادە نەبووە دەستبەرداری لایڤ کردنەوە بێت، لەکاتێکدا کردنەوەی لایڤ شتێکی نامۆیە بەکۆمەڵگەی ئێمە، بەتایبەت گەر ئەو کەسەی لایڤەکە دەکاتەوە ئافرەت بێت".

 

رۆژانە لەسەر تاوانی ئەلکترۆنی سکاڵا تۆمار دەکرێت

وتەبێژی بەرێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، نەقیب کارزان ساڵح ئاماژە بەوە دەکات کە ڕۆژانە لەسنوری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کەیسی جۆراوجۆر لەسەر تاوانی ئەلیکترونی‌ سکاڵا تۆمار دەکرێت، ئەو وتی "ئێمە وەک پۆلیسی هەولێر داوا لەهاوڵاتیان دەکەین، بەتایبەت ئافرەتان کە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زۆر بەهۆشیاری بەکاربهێنن تاکو نەبنە قوربانی دەستی ئەو کەسانەی بۆ مەبەستی ماددی یاخود هەر مەبەستێکی تر کە خۆیان دەیانەوێت".

وتیشی "زۆرینەی ئەو کەیسانەی لای ئێمە تۆمار دەکرێت لەتاوانی ئەلکترونی، بریتییە لەو کەیسانەی کە ئافرەتان هەڕەشەیان لێدەکرێت لەلایەن کوڕانەوە یاخود بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدێۆی نەشیاو لەبەرامبەر وەرگرتنی پارە، کە زۆرینەیان لەڕێگای سۆشیال میدیاوە یەکتریان ناسیوە، بەهۆی ئەوەی کەیسەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەشمان هەستیارن‌و پەیوەندیدارە بەژیان‌و ئابڕووی ئافرەتانەوە، راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە سەرپەرشتی دەکرێن، بۆیە ڕێکارەکان زوو ڕێرەوی خۆیان وەردەگرن‌و لەڕێگای پۆلیس‌و یاساوە بەنهێنی‌و خێرا یەکلادەکرێنەوەو تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر دەستگیر دەکرێت".

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات بەهۆی پێشکەوتنی بەردەوامی تەکنەلۆژیاوە، تاوانەکان لەڕێگای سۆشیال میدیاوە روو لەزیادبوونە، ئەو وتی "بەهۆی زۆری ئەو هەڕەشانەی بەڕێگای سۆشیال میدیا لەئافرەتان دەکرا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر هەڵسا بە دانانی هێڵێکی گەرمی پەیوەندیکردن بەژمارە (07508088080)و نووسینگەیەکی تایبەت بەڕووبەڕووبوونەوەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن".

وتیشی "دوای دانانی هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان‌و دەستبەکاربوونیان تاوانەکانی خۆکوشتن‌و جیابوونەوە بەهۆکاری هەڕەشەی سۆشیال میدیا کەمیکردووە، لەبەرئەوەی هێڵی گەرمەکە ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لەڕزگارکردنی سەدان کچ‌و ئافرەت لە‌هەڕەشەکان‌و ڕاپێچکردنی کەسانی هەڕەشەکار بۆ بەردەم یاساو دادگا".

 

یاسای خراپ بەکارهێانی ئامێرەکان چیمان پێدەڵێت؟

 یاسای ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٠٨) یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکار هێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن لە هەرێمی کوردستان،لەماددەی (٢)ئاماژەی بە چەندین کردار کردوە کە بە تاوان دادەندرێن‌و هەر کەسێک یەکێک لەو تاوانانە ئەنجام بدات سزا دەدرێت  بە بەند کردن (حبس) بۆ ماوەیەک کە لە  شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت و بەغڕامەیەک  کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت یاخود بە یەکێک لەم دوو سزایە.

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×