مووچەی مانگی ١٢ دەفەوتێت و حکومەتی هەرێم کورتهێنان پڕناکاتەوە
  2024-11-26       1064       

دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق بڕیاریدا کە مووچەی سێ مانگی مووچەخۆرانی هەرێم بە سێ ٧٦٠ ملیاری خەرجبکات، شارەزایەکی ئابووری رایوایە، بۆ مانگی ١٢ تەنیا ٢٨٨ ملیار دەمێنێتەوە حکومەتی هەرێم ئەو کورتهێنانە پڕناکاتەوە و بەمەش مووچەی ئەو مانگە دەفەوتێت.

ئاوێنە: گوڵاڵە سدیق، شارەزای دادوەری بۆ کاروباری دارایی و بانکی لە لێدوانێکی تایبەتدا لەوبارەیەوە بە ئاوێنەی وت "بەپێی ئەو سێ ٧٦٠ ملیارەی بەغدا بڕیاری لێداوە، کە دەکاتە دوو ترلیۆن و ٢٨٠ ملیار دینار کە لەکاتێکدا هەرێم بۆ هەر مانگێک پێویستی بە ٩٩٦ ملیارە، ئەم پارەیەی بەغدا بڕیاری لەسەر داوە دەچێت بۆ دوو مانگ و مووچەی مانگێک دەمێنێتەوە".

وتیشی "بەپێی ئەو ئەزموونەی هاوڵاتییان و مووچەخۆرانی هەرێم هەیانە، باوەڕمان بەوە نییە حکومەتی هەرێم تەواوکاری ئەو پارەیە بکات کە دەمێنێتەوە بۆ مووچەی مانگی ١٢ بەمەش بە ئەگەرێکی زۆرەوە مووچەی مانگی ١٢ دەفەوتێت".

پەیوەست بە بڕی ئەو کورتهێنانەوە، گوڵاڵە سدیق ئاشکرایکرد "واتە بۆ مووچەی مانگی ١٢ تەنیا ٢٨٨ ملیار دینار دەمێنێتەوە، بەمەش دەبێت هەرێم نزیکەی زیاتر لە ٧٠٠ ملیار دینار بۆ ئەو کورتهێنانە پڕبکاتەوە. بەڵام بەپێی ئەزمونەکانمان حکومەت ئەو کارەیە ناکات، هیوادارین بیکات".
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×