ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، وەزیری دارایی عێراق لەسەر داوای سەرۆکی دادگای فیدراڵی نەرمی نواندووە بۆ ناردنی سێ گوژمە پارە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ موچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ ی ساڵی ٢٠٢٤
ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: پێشتر وەزیری دارایی عێراق پێداگیربوو لەسەر ئەوەی بۆ موچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ ی ئەمساڵ تەنها ٧٦٠ ملیار دینار بنێرێت، بەڵام لەسەر داوای سەرۆکی دادگای فیدراڵی بەڵێنی داوە بۆ هەر مانگێک ٧٦٠ ملیار ڕەوانەی هەرێم بکات."
دوێنێ دووشەممە، ٢٥ی مانگ، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنە کوردییەکان سەردانی سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراقیان کردو داوای چارەسەرکردنی کێشەی موچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ ی ئەمساڵیان لێکرد.
سۆران عومەر، کە ئەندامی وەفدی فراکسیۆنە کوردییەکان بوو دەڵێت،"سەرۆکی دادگای فیدراڵی هاوسۆزبوو لەگەڵ موچەخۆرانی هەرێم دا، بۆیە چووە سەر هێڵ و تاڕادەیەک لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە نەرمی نوێنرا."
ئەمە لە کاتێکدایە، لە کۆتایی مانگی ١١ نزیک دەبینەوە، بەڵام هێشتا موچەی مانگی ١٠ بەسەر موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دا دابەش نەکراوە. حکومەتی هەرێم هۆکاری نەناردنی موچە بۆ "لەمپەر"دروستکردن و عێراقیش هۆکارەکەی بۆ تەواوبوونی پشکە بودجەی هەرێم لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ دەگێڕێتەوە.