نەتەوەیەکگرتووەکان داوای ئازادکردنی نێرگز محەمەدی دەکات
  2024-11-27       104       

کۆمیتەیەکی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی نێرگز محەمەدی دەکەین، دەشڵێنڵ: بەرپرسانی زیندان چەندین جار نێرگز محەمەدیان لە وەرگرتنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بێبەش کردووە.

ئاوێنه‌: کۆمیتەی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران سەبارەت بە بارودۆخی نێرگز محەمەدی لە زیندانی ئەوین ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە، كا تیایدا هاتووە، داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی نێرگز محەمەدی، براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ، ڕۆژنامەنووس و داکۆکیکاریی مافی مرۆڤ لە زیندانی ئەوین لە تاران دەکەین.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی دەستمان کەوتووە، بەرپرسانی زیندان چەندین جار نێرگز محەمەدیان لە وەرگرتنی خزمەتگوزارییە پزیشکییە پێویستەکان بێبەش کردووە و ئەم هەڵسوکەوتە بەشێکە لە نەخشێکی بەربڵاو و سیستماتیکی پشتگوێخستنی پێداویستییە پزیشکییەکانی زیندانییەکان، بەتایبەتی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان و نووسەران، کە دەبێت ڕابگیرێت.

کۆمیتەی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکان جەختی لەوە کردووەتەوە، پێویستە نێرگز محەمەدی دەستبەجێ لە زیندان ئازاد بکرێت، هاوکات مۆڵەتی پزیشکیی خێرا و خزمەتگوزاریی پزیشکیی و دەرمانیی پێویست وەربگرێت

هاوکات مای ساتۆ ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە، سەرەڕای نیگەرانیی قووڵی سەبارەت بە بارودۆخی نێرگز محەمەدی و گەڕانەوەی بۆ زیندان، هەروەها داواش دەکات داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و چالاکوانانی مافی ژنان ئازاد بکەن و دەستڕاگەیشتن بە چاودێریی تەندرووستیی بۆ زیندانییەکان دابین بکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ١٩ـی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی بەرگریی لە ئازادیی ڕادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە بارودۆخی نێرگز محەمەدی زیندانیی سیاسیی لە زیندانی ئەوین نامەیەکیان ئاراستەی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە، بە مەبەستی دەستبەجێی ئازاد کردنی بە هۆکاری مرۆیی بۆ ئەوەی بتوانێت چاودێریی پزیشکی گشتیی وەربگرێت.

جێگای ئاماژەیە، نێرگز محەمەدی چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی، تەمەن ٥٢ ساڵە و لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ ساڵی تەمەنی لە زیندان بەسەربردووە، کە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ـەوە لە زیندانیی ئەویندایە و لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بە تۆمەتی “پروپاگەندە دژی دەوڵەت” بە ساڵێکی دیکە بە زیندانیی کردن سزا درایەوە.

لە ماوەی ڕابردوو هەفتەی نەشتەرگەری لابردنی گرێیەکی ئێسک لە بەشی سەرەوەی قاچ و بەستنەوەی ئێسک بۆ نێرگز محەمەدی زیندانیی سیاسیی لە زیندانی ئەوین ئەنجامدراوە و دوای مانەوەی یەک هەفتە لە نەخۆشخانە گەڕێندرایەوە زیندانی ئەوین، بەڵام پزیشکەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێویستە بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژێر چاودێریی چردا بمێنێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×