2024-11-27   115     
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، داوا لەلایەنە سیاسییەکان دەکەین، لەئاستی ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورەدابن کە خەڵکی کوردستان لەهەڵبژاردنەکان ئەو ئەرکەیان خستوەتەسەر شانی هەمومان، پارتی لەمڕۆوە سەردانی لایەنەکان دەکاتو دەرگای کراوەیە.
ئاوێنە: هێمن هەورامی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، یەک حکومەتو یەک هێزی پێشمەرگە، لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن، بەبێ بونی ڤیتۆ، پارتی دەرگای کراوەیەو سەردانی هەمولایەنەکان دەکات.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دەڵێت:"قۆناغێکی نوێیە، خەڵکی کوردستان بۆیە بەشداریی لەهەڵبژاردنێکی کارای کردوە، بۆ ئەوەی لەزوترینکاتدا کابینەی 10یەمی حکومەتی هەرێم دروست ببێتو ئەو ئەرکانەی لەسەر شانی کابینەی 10یەمی کوردستانە لەبرەودان بەبەردەوامیدان بەڕێفۆرمیکی سەرتاسەری، بەباشترکردنی بارودۆخی خەڵکی کوردستان، بەئیدارەدان بەو مەلەفانەی لەگەڵ بەغدا هەنو لەگەڵ ئەو دروشمانەی بەرزکراونەتەوە، پارتی دەتوانێت جێبەجێیان کات".
هەورامی لهو كۆنگرهیهدا ڕایگهیاند، "ئێمە داوامان لەهەموو لایەنە سیاسییەکان هەیە، لەئاستی ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورەدابن کە خەڵکی کوردستان بەبەشداریی فراوانی هەڵبژاردنەکان ئەو ئەرکەیان خستوەتەسەرشانی هەمولایەنەکان، جا ئەوانەی دەبن بەئۆپۆزسیۆن یان ئەوانەی دێنە ناو کابینەی 10یەمی حکومەتی هەرێم، چونکە دواجار هەمومان بەشێکین لەو دۆخە سیاسییەی کە خەڵکی کوردستان بەشداریی بۆ کردوە، لەمڕۆوە پارتی سەردانی لایەنەکان دەکات".
ئهمهش لهكاتێكدایه ئهمڕۆش دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەفەرمانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ ڕۆژی 2ى 12ى 2024 یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.