دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست "مەهەپە" رایگەیاند، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە پشت هەموو بەڵێنێکیەوەیەتی. لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەماندا لە 22ی تشرینی یەکەمی 2024دا چیمان وتووە، هەمان شت دەڵێینەوە. دەشڵێت "کەرکوک تورکە و هەتا هەتایە زێدی تورکمانەکانی عێراقە".
دەوڵەت باخچەلی لەمیانی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا وتی "چاوەڕوانین بەبێ دواکەوتن دیداری رووبەڕوو لەنێوان (ئیمراڵی) و فراکسیۆنی (دەم) ئەنجام بدرێت، پێداگرانە بانگەوازەکەمان دووپات دەکەینەوە".
وتیشی "جیاکردنەوەی کورد لە تورک هێندەی جیاکردنەوەی زەوی لە کۆمەڵەی خۆر کارێکی مەحاڵ و شێتانەیە. یادگاری و ئازار و ڕەوشت و نزا و داهاتوومان یەکە. کەوابوو پێویستە دەست لەناو دەست تیرۆر و جوداخوازی بەتەواوەتی لە ڕۆژەڤماندا دەربهێنین".
باخچەلی باسی لەوەشکرد "بە تاسەوە تێدەکۆشین بۆ چەسپاندنی برایەتی تورک – کورد و بەدیهێنانی سەدەی تورکیا، گەلی تورکیا لەو نامەردانە خۆش نابێت کە ئامێزیان بۆ ڕێکخراوی تێرۆریستیی و ئەو ناپاکانە کردووەتەوە کە جوداخوازی نەتەوەن و پشتیوانیان دەکەن".
سەرۆکی گشتیی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست "مەهەپە" دووپاتیشیکردەوە، کە تیرۆر کۆڵانێکی داخراوە و دەرناچێت. تیرۆر دوژمنی هاوبەشی مرۆڤایەتییە. تیرۆر ناتوانێت بە هیچ شوێنێک بگات. "خوشک و برایانی کوردمان پەیوەندیان بە تیرۆر و ڕێکخراوی تیرۆریستییەوە نییە. کۆماری تورکیا دەوڵەتی هەموومانە".
بە بروای ناوبراو "ئەگەر ئەو بانگەشە و لێدوانانەی باس لەوە دەکەن پێش سەرژمێریی لە کەمپەکانی پەکەکەوە خەڵک ڕەوانەی کەرکوک کراون ڕاست بن، ئەوا بێگومان دەرئەنجامەکانی قورس دەبن. هەروەها ناشەرعییەتی سەرژمێرییەکە پشتڕاست دەکەنەوە".
جەختیشیکردەوە "دەستکاریکردنی پێکهاتەی دیموگرافی کەرکوک و کۆکردنەوەی لەگەڵ ناوچە جێناکۆکەکانی ناو دەستوری عێراق لەگەڵ ئەم شارە تورکمانییە، هەوڵێکی داگیرکارییە کە گەلی تورکیا قبوڵی ناکات".
وتیشی "کەرکوک تورکە و هەتا هەتایە زێدی تورکمانەکانی عێراقە. با کەس حساباتی هەڵە نەکات، هاوڕەچەڵەکەکانمان، تورکمانەکانی عێراق هەرگیز تەنیا نین".