"کارزان تاریق" پەیامنێری ئێن ئارتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە دەستگیرکرا
  2024-11-26       457       

ئەمڕۆ سێشەممە 26ی تشرینی دووەم سایتی ئێن ئارتی بڵاویكردەوە كە (كارزان تاریق) پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لەسەر دۆسیەیەكی رۆژنامەنوسی لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی سلێمانی دەستگیركرا. لەبارەیەوە سەنتەری میترۆ راگەیاند، بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری چووە و لەو فەرمانگەیە هێزی ئەمنی دەستگیری دەکات.

ئاوێنە: سەنتەری میترۆ ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەمرۆ كارزان چووە بۆ تازەكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێرییەكەی، لە بەشی كۆمپیوتەر پێیان ووتوە فەرمانی دەستگیركردنت هەیە، لەو فەرمانگەیە هێشتوویانەتەوە تا هێزێكی ئاسایش هاتووە، گواستویانەتەوە بۆ ئاسایشی سلێمانی.

سەنتەری میترۆ بۆ ئەومەبەستە، پەیوەندی بە ئاسایشی سلێمانییەوە دەکات و پێان راگەیاندراوە کە "کارزان تاریق" رادەستی پۆلیسی دەكەن، پاشان گوازرایەوە بۆ بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ و ئێستا چاوەڕوانی بڕیاری دادوەرین بەكەفالەت ئازاد بكرێت.

میترۆ داواش دەكات. پەیامنێرەكەی ئێن ئارتی بە كەفالەت ئازاد بكرێت، بە بەندەكانی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ كەیسەكەی بكرێت، نەك یاسایەكی تر، ئەو سەنتەرە ئاشکراشیکرد "ئەو بابەتەی كارزانی لەسەر دەستگیركراوە پەیوەندی بە كارەكەیەوە هەیە نەك بابەتێكی تر".

میترۆ باسی لەوەشکرد "ئەم مامەڵەیە لەگەڵ رۆژنامەنووسان لە كەیسەكانی تایبەت بە كاری رۆژنامەنوسان و هێشتنەوەی لە گرتوخانەكان بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك رەتدەكەینەوە و دەبوو لە ئیختساسی پۆلیس بوایە و بە كەفالەتی شوێنی كاری ئازاد بكرایە".
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×