ئەنجومەنی وەزیران: حكومەتی هەرێم لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ دابینكردنی موچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ
  2024-11-27       130       

ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، حکومەتی هەرێم لە هەوڵەکانی بەردەوامە لەگەڵ بەغدا بۆ دابینکردنی موچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵی موچەخۆرانی هەرێم. هەروەها نیگەرانی خۆیشی لە هەژمارنەکردنی سەدان هەزار کەس لە دانیشتووانی سنوری هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتوان دەردەبڕێت و دەشڵێت، بۆ ساڵی دارایی 2025، پێویستە ڕێژەی نوێی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، بکرێتە بنەما بۆ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە گشت شایستە دەستورییەکانی خۆی لە حکومەتی فیدڕاڵ.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە لە بڕگەی یەكەمدا باس لە پرسی بەڕێوەچونی قۆناغی فۆرمی خێزانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان كراوەو وەزی پلاندانان رایگەیاندوە"پێویستە لەمەودوا، ئەو ڕێژەیەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم، بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە لای حکومەتی فیدڕاڵ بۆ ژمارەی بەشداریی نوێنەرایەتی کورد لە دامەزراوە دەستورییەکانی فیدڕاڵ و دیاریکردنی بەشە بودجە و موچەی هەرێم، لە سەر ئەم ڕێژە نوێیەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم و سەرەڕای بەشی هەرێم لە پلەی وەزیفی تەرخانکراو و خەرجی و تەرخانکراویی دارایی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە."

بەپێی راگەیەندراوەكە ئەنجومەنی وەزیران، نیگەرانی خۆی لە هەژمارنەکردنی سەدان هەزار کەس لە دانیشتوانی سنوری هەرێمی کوردستان لە قەزای شێخان و زلکان و کەڵەکچی و ناحیەی فایدە و بەشێک لە قەزای سێمێل و قەزاکانی بەردەڕەش و خەبات و مەخمور لە سەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و داوایکرد کە حکومەتی فیدراڵ، ئەو ڕێکارە  ڕاست بکاتەوە و ئەو خەڵکانە بخاتەوە شوێنی ڕاستی خۆی کە هەرێمی کوردستانە.

 ئاماژە بەوەشدراوە، ئەنجومەنی وەزیران سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپارد بۆ ئامادەکردنی نوسراوێک بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ گەیاندنی ئەو پێشنیارانەی کە لە کۆبونەوەکە پەسەند کران، بە ئاراستەی ئەوەی کە لێرە بەدواوە و بۆ ساڵی دارایی 2025، ڕێژەی نوێی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، بکرێتە بنەما بۆ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە گشت شایستە دەستورییەکانی خۆی لە حکومەتی فیدڕاڵ.

 ئەوەش خراوەتەڕو لە بڕگەیەكی دیكەی كۆبونەوەكەدا سەبارەت بە بابەتی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بۆ هەر سێ مانگی 10 و 11 و 12ی ئەمساڵ، جەخت لەوە کرایەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵەکانی بەردەوامە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و هەروەک لە دوا کۆبونەوەی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیش، جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە بابەتی موچە، تێکەڵی هیچ کێشەو ناکۆکییەکی سیاسی نەکرێت و وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق، موچەی موچەخۆرانی هەرێمیش بدرێت، وەک شایستەی یاسایی خۆیان لە بەرامبەر وەزیفەکانیان، هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی نۆڤێمبەری 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێکی دەربارەی بەڕێوەچونی قۆناغی فۆرمی خێزانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان و ئاڤاهیان بە سەرکەوتویی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی دیکەی پرۆسەکە خستەڕو.

وەزیری پلاندانان، ئاماژەی بە ڕێکار و هەنگاوەکانی پێشوی حکومەتی هەرێم دا بۆ دڵنیابون لە ئەنجامدانی سەرژمێرییەکی دروست بۆ دانیشتوان کە تەنیا بە ئامانجی پەرەپێدان بێت و بۆ هیچ مەبەستێکی دیکەی سیاسیی، بەکار نەهێنرێت و بە هیچ جۆرێک، نەبێتە جێگرەوەی ڕێکار و میکانیزمە دەستورییەکان، بەتایبەتیش لە ناوچە کوردستانییەکانی دابڕێنراو لە هەرێمی کوردستان، کە دواجار بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، سەرجەم پێشنیار و تێبینی وسەرنجەکانی حکومەتی هەرێم جێگیرکران.

دواتر وەزیری پلاندانان، ئەنجامی سەرەتایی داتاکانی قۆناغی فۆرمی خێزانیی سەرژمێریی گشتی خستەڕو کە بە فەرمی لە لایەن وەزارەتەوە بۆ ڕای گشتیش خرابوە ڕو، کە پێویستە لەمەودوا، ئەو ڕێژەیەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم، بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە لای حکومەتی فیدڕاڵ بۆ ژمارەی بەشداریی نوێنەرایەتی کورد لە دامەزراوە دەستورییەکانی فیدڕاڵ و دیاریکردنی بەشە بودجە و موچەی هەرێم، لە سەر ئەم ڕێژە نوێیەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم و سەرەڕای بەشی هەرێم لە پلەی وەزیفی تەرخانکراو و خەرجی و تەرخانکراویی دارایی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆش، پێویستە وەزارەت و دەستە و دامەزراوەکانی هەرێم، لە ئێستاوە ئامادەسازیی بکەن تا بۆ پڕۆژە و چالاکیيەکانیان بۆ مەبەستی پەرەپێدان، پشت بە داتا و زانیارییە پەسەندکراوەکانی ئەم سەرژمێرییە ببەستن، بۆ ئەوەی بڕیاری زانستییانە و دروست بدرێت.

 وەزیری پلاندانان لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی، ئاماژەی دا بە قۆناغەکانی دیکەی پرۆسەی سەرژمێریی، کە بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتو، بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ ئەنجام بدرێت و بەتایبەتیش بەراوردکردنی زانیاریيەکان (مقاطعة البيانات) لە ناوچە کوردستانییەکان، بەو شێوەیەی هەردو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و فیدڕاڵ بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لەسەری ڕێکكەوتون.

 ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە دانیشتوانی هەرێم و بە تایبەتیش کوردی ناوچە کوردستانییەکان کە بە پەرۆشەوەو نیشتیمانیانە و دڵسۆزانە، بەشداربون لە سەرکەوتنی سەرژمێریی، لە هەمانکاتدا، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی وەزیری پلاندانان و تیمەکەی و سەرۆکی دەستەی ئامارو بەڕێوەبەری ئامار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و فەرمانبەران و کارمەندانی دەستەکە و سەرجەم ئەو بژمێرانەی کە بەشداربون لە پرۆسەکە و ڕۆڵی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کرد کە هاوکار بون بە تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایش و وەزارەتی پەروەردە لە سەرخستنی پرۆسەکە بەرز نرخاند.

 لە هەمانکاتیشدا ئەنجومەنی وەزیران، نیگەرانی خۆی لە هەژمارنەکردنی سەدان هەزار کەس لە دانیشتوانی سنوری هەرێمی کوردستان لە قەزای شێخان و زلکان و کەڵەکچی و ناحیەی فایدە و بەشێک لە قەزای سێمێل و قەزاکانی بەردەڕەش و خەبات و مەخمور لە سەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و داوایکرد کە حکومەتی فیدراڵ، ئەو ڕێکارە  ڕاست بکاتەوە و ئەو خەڵکانە بخاتەوە شوێنی ڕاستی خۆی کە هەرێمی کوردستانە.

 ئەنجومەنی وەزیران سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپارد بۆ ئامادەکردنی نوسراوێک بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ گەیاندنی ئەو پێشنیارانەی کە لە کۆبونەوەکە پەسەند کران، بە ئاراستەی ئەوەی کە لێرە بەدواوە و بۆ ساڵی دارایی 2025، ڕێژەی نوێی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، بکرێتە بنەما بۆ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە گشت شایستە دەستورییەکانی خۆی لە حکومەتی فیدڕاڵ.

 بڕگەی دوەم، تایبەت بو بە خستنەڕوی پێشنیارێک لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تایبەت بە پاژەکردن (بەقیستکردن)ی ئەو بڕە پارەیەی لە هاوڵاتی زێدەڕۆکار وەردەگیرێت، کە خانوی نیشتەجێیان بە زێدەڕۆیی لە سنوری شارەوانییەکان دروستکردوە بۆ مەبەستی نیشتەجێبون، بە گوێرەی سەرجەم ئەو مەرج و پێداویستیانەی لە یاسای ژمارە 3 ساڵی 2019 ی هەموارکراو بە یاسای ژمارە 7 ساڵی 2021 هاتوە، کە تەنیا ئەو هاوڵاتییە ئاساییە دەگرێتەوە کە بەهۆی نەبونی شوێنی نیشتەجێبون، زێدەڕۆییان لەسەر زەوی گشتی کردبو لە چوارچێوەی سنوری شارەوانییەکان.

ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ، پڕۆژە بڕیارەکەی پەسەند کرد، وەک ئاسانکارییەک بۆ ئەو هاوڵاتیيانەی کە یاساکانی ئاماژەپێدراو، دەیانگرێتەوە و توانای داراییان سنوردارە و لە توانایاندا نییە كە بڕی پارەی تەملیکی زەوییەکە بە یەکجار بدەن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەكە سەبارەت بە بابەتی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بۆ هەر سێ مانگی 10 و 11 و 12ی ئەمساڵ، جەخت لەوە کرایەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵەکانی بەردەوامە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و هەروەک لە دوا کۆبونەوەی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیش، جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە بابەتی موچە، تێکەڵی هیچ کێشەو ناکۆکییەکی سیاسی نەکرێت و وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق، موچەی موچەخۆرانی هەرێمیش بدرێت، وەک شایستەی یاسایی خۆیان لە بەرامبەر وەزیفەکانیان، هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×