زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەبارەی دەستپێكردنەوەی پڕۆژەی "هەژماری من" رونكردنەوە دەدات
  2024-11-28       270       

دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نوسراوێكی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەبارەی پڕۆسەی هەژماری من بڵاوكرایەوە، سەرۆكایەتی زانكۆكە لە رونكردنەوەیەكدا دەڵێت، نوسراوەكە تەنیا گشتاندنیكی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمەو ئێمە پڕۆسەی تەوتینمان جێبەجێ كردوە بۆ سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانمان.

ئاوێنە: سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند"ئاگاداری هەمو لایەک دەکەینەوە کە زانکۆمان بە نوسراوی ژمارە (١١١٠١) لە (٣٠/١٠/٢٠٢٤) پڕۆسەی تەوتینی جێبەجێکردوە بۆ سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانمان."

لەبارەی ئەو نوسراوەشی كە ئەمڕۆ بڵاوكرایەوە، سەرۆكایەتی زانكۆكە وتویەتی"نوسراوی ژمارە (١٢١٤٣) لە (١٨/١١/٢٠٢٤) تەنیا گشتاندنێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە لە ڕوی کارگێڕییەوە گشتاندنی پێکراوە."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە لەم نوسراوە نوێیەیدا سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە كە ناوەڕۆكی گشتاندنەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا تایبەتە بە پرۆژەی هەژماری من و داوای كردوە كاری پێویست بۆ بكرێت.

نوسراوە نوێیەكەی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وەك دەستپێكردنەوەی پڕۆژەی هەژماری من لە سنوری پارێزگای سلێمانی لێكدرایەوە كە پێشتر بە بڕیاری سەرۆكی یەكێتی لەم سنورە راگیرابو و ئەوەش كاردانەوەی زۆری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەدوای خۆیدا هێنا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×