دوای تەواوبوونی پشووەكان بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لە بارەی پێنج پرۆژە یاسا و خوێندنەوە بۆ چەند یاسایەك كۆببێتەوە، كە گرنگترینیان هەمواركردنەوەی بودجەی سێ ساڵییە بۆ ساڵی ٢٠٢٥.
ئاوێنە: بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ناوەڕۆكی كارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە، کە تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لە بارەی پێنج پرۆژە یاسا و خوێندنەوە بۆ چەند یاسایەك كۆببێتەوە، لەوانە دەنگدان لەسەر پەسەندكردنی یاسای ڕێككەوتنی گواستنەوەی ئاسمانی نێوان عێراق و ڕووسیا.
ئاماژە بەوەشكراوە، هەر لە دانیشتنەكەی پەرلەماندا، خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەموواری یاسای فڕۆكەوانی مەدەنی دەكرێت، هەروەها گفتوگۆ لەسەر هەموواری یاسای بەرگری شارستانی دەكرێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هەر لە كۆبوونەوەكەدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەموواركردنەوەی بودجەی سێ ساڵی دەكرێت.
بڕیارە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق كاتژمێر ١٠ـی پێش نیوەڕۆ بەڕێوەبچێت.
دوای نزیكەی ساڵێك لە بەڕێوەبردنی دانیشتنەكانی پەرلەمان لەلایەن موحسین مەندەلاوی سەرۆكی بە وەكالەتەوە، ڕۆژی سێشەمەی ئەم هەفتەیە یەكەمین دانیشتنی پەرلەمان بە سەرۆكایەتی مەحموود مەشهەدانی وەك سەرۆكی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت.